
یاریگا –
کۆبوونەوەی دەستەی باڵای یانەی نەورۆز کۆتاییهات و تۆڕی وەرزشی یاریگا وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاندووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی باڵای نەورۆز بەبێ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر کۆتاییهات.
سەرچاوەیەكی باڵا و ئاگادار بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند;
هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەدینەهات، بەڵام دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتاییهات.
لەوانەیە تاوەکو کۆبوونەوەی سبەی دووشەممەی دەستەی باڵای یانەکە، هەواڵی دڵخۆشکەر هەبێت، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی روون دیارنییە.
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە دۆخی یانەی نەورۆز بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاندووە، دۆخی نەورۆز لەڕووی داراییەوە زۆر قورسە و بەمشێوەی ئێستا ناتوانن بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بن.
ئەوەی تاوەکو ئێستا روونە، نەورۆز ناتوانێت بەشداری لە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، کە تەنیا یەک هەفتە بۆ دەستپێکردنی ماوە.
نەورۆز پێویستی بە پاڵپشتی داراییە و بەهۆی رووداوەکانی 22ی ئابی سلێمانی و دەستگیرکردنی کاک لاهور شێخ جەنگی، داهاتووی یانەکە بەتەواوی نادیارە و ئێستا بە توونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕن.
نەورۆز دەبێ بوودجەیەکی تەواوی لەبەردەستدا بێت، تاوەکو بتوانێت بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات. ئەوەی ئێستا هەیە نەورۆز دەکشێتەوە و بەفەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاگادار دەکاتەوە.
چی دەزانین؟
دوای رووداوەکانی 22ی ئاب/ئۆگەستی رابردووی شاری سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆز، گومانێکی زۆر لەسەر داهاتووی یانەکە دروستبوو.
چەند رۆژێک بەر لە رووداوەکانی سلێمانی، یانەی نەورۆز گرێبەستی چەند ئەستێرەیەکی نوێکردەوە، هەروەها چەند یاریزانێکی بیانی گواستووەتەوە ریزەکانی، هیوایەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە لە وەرزی نوێدا هەبوو.
یانەی نەورۆز لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزاناندا، گرێبەستی لەگەڵ 15 یاریزانی نوێ واژۆکردووە و گرێبەستی شەش یاریزانیشی نوێکردەوە. نەورۆز گرێبەستی 17یشی نوێنەکردەوە.

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.
نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.