لالیگا رەزامەندی لەسەر تۆمارکردنی ناوی یاریزانێکی بارسیلۆنا نادات

یاریگا –
لالیگا سەبارەت بە گواستنەوەی بەرداخچی هۆشداری دەداتە بارسێلۆنا و ئەگەری ئەوە هەیە نەتوانێت بۆ تیپی یەکەم یاری بکات.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بارسێلۆنا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش تۆمارکردنی رونی بەرداخچی بوو لە تیپی دووەمی یانەکەی. هەوڵێک بوو بۆ دەربازبوون لە یاسای دارایی خاوێن، بەڵام پێناچێت ئەم هەنگاوەیان زۆر سەرکەوتوو بێت. خافێر گۆمێز، بەرپرسی دارایی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لالیگا، هۆشداری دایە بارسێلۆنا کە بابەتی ناو تۆمارکردنی بەرداخچی تەواو نەبووە و یاریزانەکە دەبێت پابەندی یاساکان بێت. لە ئەگەری گەڕانەوەی یانەکە بۆ یاسای دارایی خاوێن ئەوا دەتوانیت ناوی ئەو یاریزانە تۆمار بکرێت و بۆ تیپی یەکەم یاریی بکات.
گۆمێز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەنێو جەنجاڵی کۆتا رۆژی میرکاتۆی هاوینەدا، سەبارەت بە تۆمارکردنی بەرداخچی لە تیپی دووەم گوتی:
هیچم لەو بارەیەوە نەبیستووە، تا نیوەشەو کات ماوە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوەی تۆ گوتت راست نییە و تۆمار نەکراوە، بەڵکو تۆمارکردن لە تیپی دووەم بەس نییە، بەڵام هەنگاوێکی زیرەکانە لەلایەن بارسێلۆناوە بۆ کڕینی کات و گەیشتن بە یاسایی 1:1 لە چەند رۆژی داهاتوودا.
بۆ ئەوەی یاریزانێکی تیپی دووەم بییەوێت لە تیپی یەکەم یاری بکات، دەبێت لالیگا مۆڵەتەکەی پەسەند بکات. گۆمێز ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بارسێلۆنا داوایەکی لەمشێوەی ئاراستەی لالیگا نەکردووە.
گۆمێز روونی کردەوە و گوتی:
ئەگەر یاریزانێک لە تیپی دووەم بێت و بیەوێت لە تیپی یەکەم یاری بکات، دەبێت داوای رێگەپێدان بکرێت، وەک نامەیەکی رەزامەندی. لێرەدا ئاڵۆزییەکەی ئەوەیە: بۆ پێدانی رەزامەندی، سەیری رێنمایی 2022 دەکەین، گەر مووچەکەی وەک یاریزانێکی تیپی دووەم بوو هیچ کێشەیەک نییە. بەڵام ئەگەر مووچەکەی نزیک بێت لە مووچەی یاریزانێکی تیپی یەکەم، ئەوا وەکوو یاریزانی تیپی یەکەم سەیر دەکرێت رێگەپێدانی پێنادرێت.
بە واتایەکی دیکە، ئەگەر لالیگا رێگەپێدانی بەرداخچی رەت بکاتەوە، ئەوا بارسێلۆنا لە هەفتەکانی داهاتوودا کاتی دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست. لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ یاسای دارایی خاوێن، ئەوا یاریزانە لاوەکە دەتوانێت یاریی بۆ تیپی یەکەم بکات.