
یاریگا –
لیڤەرپوول راهێنەرێکی دیکەی بۆ دەستەی راهێنەرایەتی یانەکە بە سەرپەرشتی ئارنە سڵۆت زیادکرد.
یانە ئینگلیزییەکە لویز فێرناندۆ یوبێل، وەکو راهێنەری نوێی گەشەپێدانی تاکەکەسی زیادکرد. یوبێل پێشتر یاریدەدەری راهێنەری ئاتلێتیکۆ مینێرۆی بەڕازیلی بووە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو گەشتی لیڤەرپوول بکات، ئەمەش دوای تەواوکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزا و مۆڵەتی کارکردن.
بەگوێرەی ئەم دەستنیشانکردنە بێت، رۆڵی ئاڕۆن بریگز، کە راهێنەری گەشەپێدانی تاکەکەسی بوو، دەبێتە راهێنەری تۆپی وەستاو.
لیڤەرپوول زۆر بە هەستاری کاریی لەسەر دەستنیشانکردنی یوبێل لەم پۆستەدا کردووە، تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، هەریەکە لە سڵۆت، جولیان وارد، بەڕێوەبەری هونەری گروپی فێنوەی سپۆرتس، پێدرۆ مارکێز، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی تۆپی پێ لە گروپی فێنوەی سپۆرتس و ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول و ئەلێکس ئینگلێسرۆپ، بەڕێوەبەری ئەکادیمیا بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کردووە.
یوبێل، تەمەن 36 ساڵ ئەزموونێکی زۆری لە پەرەپێدانی یاریزانی لاو لەگەڵ یانەکانی بەڕازیلی وەکو ئاتلێتیک مینێرۆ و کویابا گێڕاوە.
یوبێل کار لەگەڵ تیمەکانی ژێر 21 و 18 ساڵی لیڤەرپوول دەکات، هەروەها بەچڕی کار لەگەڵ ئەو یاریزانانە دەکات کە بەخواستن پەیوەندییان بە لیڤەرپوول کردووە، تاوەکو باشترین یاریزانانی لاو لە یانەکە بهێڵێتەوە و یاریزانی وەکو ریۆ نگۆموا و تێرنی نیۆنی بەرهەمبهێنن.
راهێنەرە بەڕازیلییەکە زمانەکانی پۆرتوگالی و ئینگلیزی زۆر بەباشی دەزانێت، هەروەها کەمێک ئیسپانی و ئەڵمانیش دەزانێت. یوبێل خاوەنی بڕوانامەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوورە، هەروەها بڕوانامەی Aی لە یوێفا بەدەستهێناوە و جیا لەمەش خاوەنی مۆڵەت یوێفایە تایبەت بە یاریزانی لاو.
یوبێل رۆڵێکی باڵای لە پێگەیاندنی چەندین یاریزانی لاو هەبووە کە ئێستا لە ئەوروپا یاریی دەکەن، لەوانە؛ ئیگۆر پایکساو (مارسیلیا)، ئیگۆر خێسوس (نۆتینگهام فۆڕێست)، یان کۆوتۆ (بۆڕووسیا دۆرتموند) و ئابنێر ڤینیسیۆس (لیۆن).