فەرمی: گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران بۆ ماوەی چوار مانگ رادەگیرێت
مشتومڕاویترین دۆسیەی تۆپی پێی ئێران!

یاریگا –
لێژنەی تەنبێکاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، عەلیرەزا بەیرانوەند بۆ ماوەی چوار مانگ لە چالاکییە وەرزیشییەکان رادەگیرێت.
لە یەکێک لە دۆسیە هەرە مشتومڕاوییەکانی مێژووی تۆپی پێی ئێران، دواجار لیژنەی تەنبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێ بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلایەنەی عەلیرەزا بەیرانوەند لەگەڵ پێرسپۆلیس و پەیوەندیکردنی بە یانەی تراکتۆرسازی تەبریز دەرکرد؛ کەیسێک کە چەند مانگێک بوو بابەتی سەرەکی میدیاکانی ناوچەکە بوو.
چیرۆکەکە هاوینی رابردوو دەستیپێکرد، کاتێک گۆڵپارێزەکە بە ئاماژەدان بە بڕگەیەک لە زیادکراوی گرێبەستەکەیدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ پێرسپۆلیس هەڵوەشاندەوە و لە گواستنەوەیەکی مشتومڕاویدا پەیوەندی بە یانەکەی تەبریزەوە کرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پێرسپۆلیس هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە نایاسایی زانی و سکاڵای فەرمی لە دژی بەیرانوەند و تراکتۆرسازی لە یەکێتی تۆپی پێ تۆمار کرد.
بە گوێڕەی یاسایەکی نێودەوڵەتی فیفا، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بەهۆی نەدانی پارە، پێویستە یاریزان سەرەتا ئاگادارییەکی نووسراو پێشکەش بە یانەکە بکات و ماوەی 15 رۆژە مۆڵەتی یانەکە بدات. بەڵام بەیرانوەند ئەم کارەی نەکردووە و راستەوخۆ گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
سەرەتا لیژنەکە بڕیاری بە سڕکردنی گۆڵپارێزەکە دا بۆ ماوەی چوار مانگ، بەڵام دواتر دوای سکاڵایەکی دیکەی پێرسپۆلیس، دۆسیەکە چووە بۆ لیژنەی تەنبێکاری، کە دواجار بڕیاری ئەم دۆسیە بەمشێوەیە دەرچوو:
هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەیرانوەند بەنایاسایی لە قەڵەم درا.
– بەیرانوەند و تراکتۆرسازی دەبێت بە هاوبەشی بڕی 27 ملیار و 437 ملیۆن تومان ( نزیکەی 330 هەزار دۆلار) وەک قەرەبوو + تێچووی یاسایی بدەنە پێرسپۆلیس.
– راگرتنی بەیرانوەند بۆ ماوەی چوار مانگ.
شایەنی باسە لەبەر ئەوەی بەیرانوەند گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئێرانە، لە ئەگەری پێویستی ئەم گۆڵپارێزە بۆ هەڵبژاردە گەر هەڵبژاردەی ئێران لە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیدا بێت و ئەم قۆناخە لە نێوان کۆتایی وەرزی پێشوو و دەستپێکی وەرزی نوێدا بەڕێوە بچێت، ئەو سزای سڕ کردنی جێبەجێ ناکرێت. بە واتایەکی تر تەنیا لەم ماوەیە دیاریکراوەدا دەتوانێت بۆ هەڵبژاردەی ئێران یاری بکات.