بەدواداچوونی یاریگا؛ سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر کێیە؟
بەدواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا

یاریگا –
ئەمڕۆ شەممە، بە تەواوی کێشەکانی دوای هەڵبژاردەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر چارەسەرکران و سەرۆکێک بۆ یانەکە هەڵبژێردرا.
سەفین یاسین، پارێزەری راوێژکار و کەسایەتی دیاریی شاری هەولێر، دەبێتە سەرۆکی نوێی یانەکە، ئەمەش بەکۆی دەنگی دەستەی نوێی کارگێڕی یانەکە.
هەرچەندە سەفین یاسین بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ هەڵبژاردەی داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکە یەکلایینەکراوەتەوە.
سەفین یاسین کێیە؟
سەفین یاسین، لەدایکبووی ساڵی 1970ی گەڕەکی موفتی هەولێرە. هەڵگری دوو بڕوانامەیە لە زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر.
سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیشی لە بەشی فیزیای کۆلیژی زانست هەیە.
سەفین یاسین، پارێزەر و وەبەرهێنەرێکی دیاری شارەکەیە، پێشتر هیچ بەرپرسیارێتییەکی وەرنەگرتووە.
بەگوێرەی زانیاری کەسە نزیکەکان لە سەفین یاسین، پێشتر هیچ ئەزموونێکی کارگێڕی وەرزشیی نەبووە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام سەردانی یانەکەی کردووە و پەیوەندی باشی لەگەڵ دەستەکانی کارگێڕی پێشوو هەبووە.
سەفین یاسین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر هەبووە، چەندینجار پاس و پێداویستی بۆ هاندەران دابینکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر، پێشتر چەندینجار هاوکاری دارایی یانەکەی کردووە. سەرچاوەکە جەختیکردەوە، سەفین یاسین دووجار بلیتی فڕۆکەی بۆ سەرجەم ئەندامانی تۆپی پێی یانەکە کڕیوە، تاوەکو گەشتی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن.
لە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان قوە جەوییە و هەولێر (2023)، سەفین یاسین، بەبڕی 10 هەزار دۆلار، خواردن و گواستنەوەی هاندەرانی لە ئەستۆگرت.
سەفین یاسین بەردەوام هاوکاری دارایی و مەعنەوی یانەکەی کردووە. سەرۆکی نوێی یانەکە پێشتر شاشەی گەورەی یاریگای فڕانسۆ هەریری بەبڕ 40 هەزار دۆلار کڕیوە.
سەفین یاسین چەندین پڕۆژەی خێرخوازی لە هەولێر کردووە و خاوەنی هەندێک بزنسی تایبەتی خۆیەتی.