بایرن میونشن واز لە ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ ناهێنێت
گۆڕانکاری گەورە دروستدەبێت

یاریگا –
بایرن میونشن گفتوگۆکانی. لەگەڵ لیڤەرپوول دەستپێکردووەتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، میونشن جارێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دیاز گفتوگۆکانی لەگەڵ لیڤەرپوول دەستپێکردووەتەوە و ئێستا پەیوەندی بەردەوام لە نێوانیاندا هەیە.
تاوەکو ئێستا میونشن ئۆفەری دووەمی بەفەرمی پێشکەش نەکردووە، بەڵام پێشبینی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆی نێوانیان دەکرێت.
گرێبەستی دیاز لە هاوینی ساڵی 2027 لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت و یاریزانەکە دەیەوێت قەڵای ئانفیڵد جێبهێڵێت. لیڤەرپوول ئۆفەری یەکەمی بەبڕی 67.5 ملیۆن یۆرۆی میونشنی لەبارەی دیاز رەتکردەوە.
دیاز بەشداری لە هەرسێ یاریی ئامادەکاری وەرزی نوێی بەرامبەر پریستن نۆرس ئێند، ستۆک سیتی و میلان نەکردووە، ئارنە سڵۆت، راهێنەری رێدز جەختیکردەوە، بەشداری نەکردنی پەیوەستە بە ناڕوونی داهاتووی لەگەڵ یانەکە.
بایرن چەندین ئامانجی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە لەدەستدا. سەرەتا چاوی لەسەر فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی ئەڵمانی بوو، دواتر ئاڕاستەکانی بەرەو نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو بوو، هەردووکیشی لەدەستدا، دواتر چاوی بڕیە چاڤی سیمۆنس، یاریزانی لایپزیگ، بەڵام هیچ هەنگاوێی فەرمی نەناوە.
دیاز لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2022 لە پۆرتۆوە بەبڕی 37.5 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد و ئێستا بەهای نزیکە لە 75 ملیۆن پاوەند.
ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە 148 یاریی لەگەڵ لیڤەرپوول کردووە، خاوەنی 41 گۆڵ و 23 ئەسیستە لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان.