
یاریگا –
ئەمڕۆ کاتژمێر 20:00 لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراق، دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداری قوە جەوییە دەکات، ئەحمەد ئەلکاف ناوبژیوانی یارییەکە دەبێت و سەقەر حەمەد ناوبژیوانی ڤاری یارییەکە دەبێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە فەیسبووک و یوتیوب بە كۆمێنتاری ئارمانج محەمەد یارییەکە بە بەرزترین کواڵێتی دەگوازێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینی بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنی یاریگا کە 800 کەس بەشدارییان کردووە، دهۆک ٪70 چانسی بردنەوەی هەیە و ٪14 پێشبینی دەکەن قوە جەوییە بباتەوە و ٪16ـش بڕوایان وایە یەکسان بن و یارییەکە دەچێتە کاتی زیادکراو.
بەگوێرەی پێشبینی ChatGPT یارییەکەی ئەمڕۆ لەبەرژەوەندی دهۆک دەبێت و هەڵۆکانی چیا بە رێژەیەکی زۆر چانسی بردنەوەی یارییەکەیان هەیە.
بەهۆی ئەوەی یارییەکە لە یاریگای دهۆکە چانسیان بۆ بردنەوەی یارییەکە زیاترە، چونکە دهۆک لە یاریگای خۆی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، هەروەها قوە جەوییە بەردەوام لەدەرەوەی یاریگای خۆی کێشەی بۆ دروست دەبێت.
پێشبینی دەکەم دهۆک %70 بۆ %75 چانسی بردنەوەی هەبێت و قوە جەوییەش %25 چانسی سەرکەوتنی هەیە، هەروەها پێشبینی دەکەم یارییەکە 1-0 یاخود 2-1 لە بەرژەوەندی دهۆک کۆتایی بێت.
دهۆک 20 ساڵە لە یاریگای خۆی بە قوە جەوییە نەدۆڕاوە
لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان، لەوەتەی ساڵی 2005 قوە جەوییە نەیتوانیوە لە یاریگای دهۆک بردنەوە بەدەست بهێنێت، لە دوایین 10 سەردانی بۆ دهۆک، هەڵۆیەکەی بەغدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لە یارییەکانی گەڕی 14 لە یاریگای خۆی میوانداری قوە جەوییەی کرد و 1-0 بە تاکە گۆڵێکی پەشەنگ پێشڕەو یارییەکەی بردەوە.
لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، قوە جەوییە دوو بردنەوەی بەرامبەر هەڵۆیەکانی بادینان بەدەستهێناوە و دهۆکیش دوو بردنەوەی تۆمارکردووە و لە یارییەکەی دیکەش یەکسانبوون.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
دهۆک: محەمەد ساڵح، بەیار ئەبوبەکر، لوکاس توورسی، مۆسێس لوکاس، سیابەند عەگید، هاروون ئەحمەد، ئاکۆ حزێر، ئانیک زاکری، پاشەنگ عەبدوڵا، کەریم دەروێش، حەسەن عیماد.
قوە جەوییە: عەلی کازم، پۆلۆ نارتی، حەمود مشعان، زەید تەحسین، محەمەد ساڵح، سەعد عەبدولئەمیر، یوسف فەوزی، حەمە ئیتۆ، ئەحمەد عیسا، عسام عەبدوڵا، محەمەد جەواد.