ئەیاکس بە پەیامێکی واتسئاپ یەک دەرزن یاریزان شۆک دەکات

یاریگا –
ئەلێکس کرۆس بەڕێوەبەری تەکنیکی ئەیاکس، لە هەنگاوێکی سەیردا، لە رێگەی واتسئاپەوە حەوت یاریزانی یانەکەی ئاگادارکردەوە کە چیتر جێگەیان لە پلانەکانی یانەکەدا نییە.
کرۆس لە گروپێکی واتسئاپدا بە یاریزانەکانی گوتووە کە ئەوان چیتر بەشێک نین لە پلانەکانی داهاتووی ئەیاکس و دەتوانن بەدوای یانەی نوێدا بگەڕێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دێ تێلێگراف، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا گرێبەسرتیان لەگەڵ یانەکەدا ماوە، بەڵام پێیان راگەیەندراوە بۆیان نییە چیتر بەشداری راهێنانەکان بکەن.
لەنێو ئەو یاریزانانەدا بۆرنا سۆسا، بەرگریکاری پێشووی شتۆتگارت هەیە، هەروەها چۆبا ئاکپۆمی یاریزانی پێشووی ئارسیناڵ و کارلۆس فۆربێسی بەهرەمەندی پێشووی مانچێستەر سیتی، کریستیان هێلیسۆن، کریستیان راسموسن، جەی گۆرتێر و برانکۆ ڤان دێن بۆومان لە پلانەکانی یانەکەدا نەماون.
سۆسا و ئاکپۆم و فۆربێس سێ ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ ئەیاکس ماوە. لە هاوینی 2023، لەژێر سەرپەرشتی سڤێن میسلینتاتی بەڕێوەبەری وەرزشی ئەیاکس کە ئێستا لە کارەکەی دوورخراوەتەوە پەیوەندیان بە یانەکەوە کرد. لەو کاتەدا کۆی گشتی 34 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو سێ یاریزانە خەرج کراوە. هەروەها راسموسن و ڤان دێن بۆومان تا ساڵی 2027 گرێبەستیان هەیە و هێلیسۆن و گۆرتەریش تا ساڵی 2026.
رێوشوێنە توندەکانی یانە هۆڵەندییەکە بریتی بوو لە لێسەندنەوەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی یاریزانان و هاوبەشی پزیشکی فیزیۆتێراپی لە نێوان ئەو حەوت کەسەدا. ئەیاکس لە کاتێکدا چوار یاریی بۆ کۆتایی هاتنی وەرز مابوو حەوت خاڵ لە پێش ئایندهۆڤنی رکابەرییەوە بوو، بەڵام دواجار ناسناوەکەی بە جیاوازی خاڵێک لەدەستدا.