عێراقکوردستان

زاخۆ لە دوا یاریی ئەم وەرزەی یاریگای خۆی رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە

حەفت یارییە زاخۆ شکستی نەهێناوە

Yariga App

یاریگا –

زاخۆ لە دوا یاریی ئەم وەرزەی یاریگای خۆی لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە.

لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 28ـی حوزەیرانی 2025 ) کاتژمێر 9:30ـی شەو زاخۆ دوا یاریی ئەم وەرزەی خولەکە لە یاریگای خۆی دەکات و میوانداری قوەجەوییە دەکات، زاخۆ لە سەر دەستی عەبدولغەنی شەهدی راهێنەر حەفت یارییە شکستی نەهێناوە، چوارسەرکەوتن و سێ یەکسان بوونی هەیە.

دوای دابڕانی بۆ ماوەی سێ مانگ بە هۆی پێکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمجەد عەتوانی ئەستێرە و ناوەڕاستکاری زاخۆ بۆ ئەم یارییە بەشداری بکات و بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبۆتەوە، بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی، وۆڵشێک مۆسیسی بەرازیلی گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و ئەم وەرزە بۆ یاریزانەکە کۆتایی هاتووە.

زاخۆ و قوەجەوییە لە مێژوودا 27 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ لە شەش یارییدا براوە بووە و قوەجەوییە 15 یاریی بردۆتەوە و لە شەش یارییشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 17 گۆڵی تۆمارکردووە قوەجەوییەش 41 گۆڵی تۆمار کردووە، لە یارییەکی چارەگی کۆتایی جامی عێڕاق لە 2021 زاخۆ بە لێدانی یەکلاکەرەوە 5 _ 3 سەرکەوتنی بە دەستهێناو جەوییەی لە پاڵەوانێتیەکە دوورخستەوە.

بە کۆکردنەوەی 67 زاخۆ ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی ئەم وەرزەی مسۆگەر کردووە، وەرزی داهاتوو بەشداری پاڵەوانێتیەکی دەرەوە دەکات، قوەجەوییە 57 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button