
یاریگا –
نیوکاسڵ یونایتد تەواو خۆی بۆ پێشکەشکردنی ئۆفەرێک بە ئالێکساندەر ئیزاک ئامادەکردووە.
ماگپایس دەیەوێت هەموو هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیزاک بدات، ئەمەش بەهۆی راکێشانی سەرنجی چەندین یانەی گەورەی پرێمەرلیگ و ئەوروپا.
ئیزاک وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ نیوکاسڵ پێشکەشکرد و 23 گۆڵی لە پرێمەرلیگ هەبوو. گۆڵەکانی ئیزاک یارمەتی نیوکاسڵییاندا بگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو. یاریزانە سویدییەکە لەگەڵ تیمەکەی بوونە پاڵەوانی جامی کاراباو، دوای بردنەوەی لە لیڤەرپوول.
یانەکانی وەکو بارسێلۆنا و لیڤەرپوول بە جیدی بیر لە گواستنەوەی ئیزاک دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە.
رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، نیوکاسڵ یونایتد نایەوێت بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئیزاک ببێت، بڕیارە گفتوگۆی فەرمی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بکەن.
نیوکاسڵ دەیەوێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیزاک، هاوکێشەیەکی نوێ دروستبکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، نیوکاسڵ دەیەوێت مووچەی هەفتانەی ئیزاک بکاتە زیاتر لە 150 هەزار پاوەند و دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچەی یانەکە.
لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، پیاوانی ئێدی هاو ئامادەکاری وەرزی نوێ دەستپێدەکن و لە 19ی یۆلیۆ/تەمووز، بەرامبەر سێڵتک یاریی دەکەن.