
یاریگا –
یاریزانانی هەولێر بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان ئامادە نین بۆ یاریی قوە جەوییە گەشتی بەغدا بکەن و ئەو یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەناو یانەی هەولێر، یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و شایستە داراییەکانیان دواکەوتووە، بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کردووە و ئامادە نین تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن دەست بە راهێنانەکانیان بکەنەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یاریزانانی یانەی هەولێر ئامادە نین بۆ یارییەکەی پێنجشەممە بەرامبەر قوە جەوییە لە گەڕی سی و شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەشتی بەغدا بکەن، کە وابڕیارە زەردپۆشەکان پێنجشەممە کاتژمێر 08:30ـی شەو ببنە میوانی قوە جەوییە.
هەولێر رۆژی شەممەی رابردوو لە یاریگای خۆی 1-0 بە نەورۆزی میوانی دۆڕا و بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی دوازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و چوار یاریی لەم وەرزە ماوە.
رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید دوای یارییەکانی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال نەگەڕانەوە هەولێر و بۆ یارییەکەی نەورۆز ئامادە نەبوون، کە پێشتر هەریەکە لە عەباس یاسین و هیگۆر ڤیدال و هێلیۆ مۆنتێرۆش گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە و یانەکەی قەڵاومنارەیان بەجێهێشت.