
یاریگا –
ئەنتۆنیۆ پینتوس، راهێنەری توانای جەستەیی ریال مەدرید لە مەشقەکانی ئەمڕۆ دەرنەکەوت و داهاتووی یەکلاییدەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی حوزەیران، بۆیەکەمجار ریال مەدرید بە سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ مەشقی کرد و راهێنەرە ئیسپانییەکە دەستی بە ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ جامی جیهانی یانەکانی 2025 کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی رادیۆی مارکا رامۆن ئالڤارێز، ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ پینتوس بەشداریی مەشقەکانی ریال مەدریدی نەکردووە و چیدیکە پینتوس راهێنەری سەرەکی توانای جەستەیی تیپەکە نییە.
Por lo que me dicen, hoy Pintus no ha estado en el entrenamiento. Veremos qué papel desempeña en el club la próxima temporada. En ningún caso será el preparador físico principal. https://t.co/cpGgqkTzox
— Ramón Álvarez de Mon (@Ramon_AlvarezMM) June 9, 2025
ئاڵۆنسۆ بەشێک لە ستافەکەی لەگەڵ خۆی بۆ مەدرید هێناوە، لەناویاندا ئیسماعیل لۆپێز، راهێنەری توانای جەستەیی پێشووی لیڤەرکوزن پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە و لەمەودوا ئیسماعیل لەشوێنی پینتوس بەرپرسی یەکەمی توانای جەستەیی یاریزانانی ریال مەدرید دەبێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە، ریال مەدرید ناتەوێت دەستبەرداری پینتوس ببێت و پێدەچێت لەمەودوا ببێتە راهێنەری توانای جەستەیی تیپی لاوانی یانەکە.
پینتوس، 62 ساڵ لە ساڵی 2021ەوە لە ریال مەدرید کار دەکات. پێشتر هەمان کاری لە یانەکانی یوڤێنتوس، ئینتەر میلان، مارسیلیا و پالێرمۆ کردووە. فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە رێزێکی زۆری لێدەگرێت و بە هۆکارێکی سەرەکی بەدەستهێنانی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگی دادەنێت.