یاریزانێکی پێشووی نەورۆز پەیامێک ئاڕاستەی عێراقییەکان و ئوردنییەکان دەکات
مێژوو و شارستانیەتی هاوبەش لە نێوان عێڕاق و ئوردندا هەیە

یاریگا –
یاریزانێکی هەڵبژادەی ئوردن کە پێشووتر لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاریی بۆ نەورۆز کردووە پەیامێک ئاڕاستەی عێڕاقیەکان و ئوردنییەکان دەکات.
نزار رەشدان، ناوەراستکار و ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئوردن پێش یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی عێڕاق لە کۆتا یاریی پاڵاوتنی یارییەکانی گەیشتن بە مۆندیال، پەیامێک ئاڕاستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێڕاق و هەڵبژاردەی ئوردن دەکات.
نزار دەربارەی یارییەکە و ئامادەکاری هەڵبژاردەکەیان گوتی:
ئێمە بۆ سەرکەوتن بەرامبەر هەڵبژاردەی عێڕاق یاریی دەکەین، دەمانەوێت ریزبەندی خۆمان لە ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهان باشتر بکەین، پەیامێکیش بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەی عێڕاق و هەڵبژاردەی ئوردن دەنێرم، پەیوەندی و تێکەڵ بوونی هەردوو وڵات تەنها لە تۆپی پێ نیە، عێڕاق و ئەردەن لە مێژوو و لە شارستانیەتیش هاوبەشن، هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی عێڕاق دەخوازم لە یارییەکانی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال.
نزار رشدان کە ئێستا یاریی بۆ یانەی خالیدیەی ئوردنی دەکات، لە وەرزی 2023 _ 2024 لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاریی بۆ نەورۆز دەکرد و لە کۆتایی خول توانی بە 56 خاڵ ریزبەندی حەفتەم لەگەڵ یانەکە بەدەست بهێنێت.