کودەتا بەسەر سەرۆکی یەکیتی تۆپی پێی ئەوڕوپادا دەکرێت

یاریگا –
کۆمەڵێک لە ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەنیازن لە مانگی ئەیلولدا ئەلێکساندەر چێفرین لە کارەکەی دووربخەنەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی میدیایی یۆنانی سوپەرپلۆس، گروپێک پەیوەندییان بە تاکیس بالتاکۆس، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی یۆنانەوە کردووە، بۆ ئەوەی رێوشوێنی دوورخستنەوە بەرامبەر ئەلێکساندەر چێفرین بگرنەبەر. دەکرێت میشێل پلاتینی یان ئەندری شێڤچێنکۆ کاندید بن بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئێستای یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپەرپلاس، گروپێک لە 55 فیدراسیۆنی بەشدار یوێفا ئامادەن بۆ ئەوەی چێفرین لە ئەرکەکەی دوور بخەنەوە. لەم هەنگاوەدا، میشێل پلاتینی یان ئەندری شێڤچێنکۆ، یاریزانی پێشووی ئۆکراینی یانەی میلان و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکرانیا لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2021، سەرۆکایەتی ئەم هەڵمەتە دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پلاتینی و شێڤچێنکۆ بە تەنیا ناتوانن بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە رێکبخەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش روویان لە تاکیس بالتاکۆس سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی یۆنان کردووە. ناوبراو بە هەڵبژاردەیەکی گونجاو دادەنرێت بۆ سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەکە بەهۆی ئەزموونی لە سیاسەت و ئاشنابوونی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هەروەها دژایەتیکردنی لەگەڵ ئیدارەی ئێستای یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا.
دەگوترێت پرۆسەکە لە مانگی ئەیلول دەستپێدەکات. بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە مانگی ئازاری 2027 بەڕێوەبچێت و ماوە بزانرێت ئایا ئەم هەنگاوە دەستبەجێیە یان دواخراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
کاردانەوەی فیفا بە سەرۆکایەتی جیانی ئینفانتینۆ بەرامبەر ئەم هەنگاوە و ئەگەری گەڕانەوەی پلاتینی تا ئێستا روون نییە. ئینفانتینۆ لە ساڵی 2009ەوە سکرتێری گشتیی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بوو، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی پلاتینی، تا ساڵی 2016 لەو پۆستەدا مایەوە، دواتر بوو بە سەرۆکی فیفا. هەر لەو ساڵەدا واتە 2016، دوای ئەوەی پلاتینی لە ساڵی 2015 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەلێکساندەر چێفرین بوو بە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا. چاوەڕێ دەکرێت بزانرێت لە چەند مانگی داهاتوودا چی روودەدات، چونکە ئەم سیناریۆیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵچوونێکی گەورە لە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا کە لقێکی فیفایە.