ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو ئەم گرێبەستە یەکلایی دەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ماستانتونۆ یاریزانی لاوی ئەرجەنتینی نزیکبووەتەوە و دەیەوێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو گرێبەستەکەی یەکلایی بکاتەوە.

رامۆن ئالڤارێز رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لە گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتونۆ ناوەڕاستکاری ریڤەر پلەیتی ئەرجەنتینی نزیکبووەتەوە، یانە مەدریدییەکە دەیەوێت لە ماوەی 48 بۆ 72 کاتژمێری داهاتوو گرێبەستی ئەم یاریزانە لاوە یەکلا بکاتەوە، کە سەرەتا پاریس سانجێرمان لە پەلکێشکردنی بەهرەمەندەکە نزیکتربوو.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فرانکۆ ماستانتونۆ بڕیاریداوە پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید بکات و رازی بووە بچێتە ئەو یانە ئیسپانییە، خونی کالافات بەڕێوەبەری دۆزەرەوەی یاریزانان رۆڵێکی کاریگەری لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستەکە و رازیکردنی ماستانتونۆ هەبووە.

رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، ئێستا ریال مەدرید دوای رێککەوتنی لەگەڵ یاریزانەکە، دەبێت لەگەڵ ریڤەر پلەیت گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، پێشتر پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی ماستانتونۆ نزیکبوو، لویس ئێنریکێی راهێنەری یانە فەڕەنسییەکە دووجار لەگەڵ بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە قسەی کردووە و پڕۆژەی یانەکەی بۆ روونکردووەتەوە.

رامۆن ئالڤارێز راشیگەیاندووە، ریال مەدرید دەیەوێت پێش مۆندیالی یانەکان ئەم گرێبەستە یەکلایی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر توانی ئەو یاریزانە لاوە بە درێسی ریال مەدرید بەشداریی مۆندیالی یانەکان بکات.

یاریزانە 17 ساڵانییەکە لەم وەرزە لە 19 یاریی 7 گۆڵی بۆ ریڤەر پلەیت کردووە و 4 گۆڵیشی دروستکردووە، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی سەرنجی زۆرینەی یانە گەورەکانی بۆخۆی راکێشاوە.

پێرێز بە داواکەی سۆلاری رازی بووە و ئامادەن 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە پێشکەش بکەن، ئێستا بڕیاری کۆتایی لەدەست یاریزانەکەیە کە لەنێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان کامیان هەڵدەبژێرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button