فلیک لە پشووی هاوینەدا چاودێری دوو لە ئەستێرەکانی دەکات

یاریگا –
هانسی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا تەنانەت لە پشووی هاوینەشدا نیگەرانی یاریزانەکانیەتی، تا ئەو رادەیەی کە راهێنەرێکی لەشجوانی بۆ دوو لە ئەستێرەی تیپەکەی داناوە.
بارسێلۆنا لە هەموو بوارەکاندا ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو دەستپێکردووە. پلاندانان بۆ پێکهێنانی تیپ و دیاریکردنی خشتەی پێش وەرز و تەنانەت کارکردن لە پشووەکاندا لە بەرنامەی کاردایە. ئەمە بابەتێکی گرنگی تایبەتە و یانە کاتالۆنییەکە بەنیازە لە هەفتەکانی داهاتوودا بە وردی سەرنجی لەسەر بێت، چونکە پێی وایە ئاستی گونجاوی یاریزانەکان زۆر پێش دەستپێکردنی یارییە فەرمییەکانەوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت.
بە گوێڕەی بابەتێکی رۆژنامەی مارکا، ئەم بەرنامەیە تایبەتە بە پێدری و دانی ئۆلمۆ. هەردوو یاریزانەکە لە رۆژانی پشوودا بەرنامەیەکی تایبەت بە مەشق و راهێنانیان دەبێت، هەروەها راهێنەرێکی لەشجوانی لە یانەکەوە رۆژانە چاودێری ئاستیان دەکات. لە بارەی پێدری، ئەم پرۆسەیە زۆر لەمەوبەر دەستی پێکردووە و ئەنجامەکانی جێی سەرنج بوون. نەک هەر ئاستەکەی لە یاریگادا نایاب بووە، بەڵکو توانیویەتی وەرزێک بەبێ پێکان بەڕێ بکات، ئەمەش شتێک کە لە وەرزەکانی پێشوودا رووی نەداوە.
لە نیوەی دووەمی وەرزەوە پێدری بە پرۆگرامێکی تایبەتەوە مەشق و راهێنان دەکات، جیا لە یاریزانەکانی تر. دەرئەنجامی ئەم کارە روونە و هەمووان شاهیدی پێشکەوتنی ئەو بوون. هەر بۆیە راهێنەرەکە دەیەوێت لە رۆژانی پشووشدا بەردەوام بێت لەم چاودێریکردنە بۆ ئەوەی پێدری وەرزی داهاتوو ئاستەکەی بپارێزێت.
پلانێکی هاوشێوە بۆ ئۆلمۆ دانراوە. ئەم یاریزانە لە رووی پێکانەوە ساڵێکی باشی بەسەر نەبردووە. خراپی پێش وەرزەکەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی هەبوو. لەگەڵ هاتنی پشووی هاوینە، بارسێلۆنا دەیەوێت چاودێری وردی ئۆلمۆ بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش راهێنەرێکی لەشجوانی بە سەرپەرشتی هانزی فلیک لەم ماوەیەدا چاودێری دەکات.