ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئاڵنگارییە گەورەکەی چابی ئالۆنسۆ؛ دەبێت بە 24 رۆژ ریال مەدرید نوێبکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری چاوەڕوانکراوی ریال مەدرید لە دەستپێکی کارکردنی لەگەڵ مەدریدییەکان، پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی دووبارە تیپەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە ئیسپانییە کاتی نییە و دەبێت بە 24 رۆژ تیپەکەی بۆ مۆندیالی یانەکان ئامادە بکات.

تۆڕی وەرزشی رێلێڤۆ ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، گەرچی سەرەتا چابی ئالۆنسۆ رازی نەبوو لە مۆندیالی یانەکان ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بگرێتە ئەستۆ و داوای دەکرد دوای ئەو پاڵەوانێتییە لە یانە ئیسپانییەکە دەستبەکار بێت، بەڵام دواجار بڕیاریدا لە مۆندیالی یانەکان سەرکردایەتی لۆس بلانکۆس بکات.

رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، چابی ئاڵۆنسۆ تەنیا 24 رۆژی هەیە بۆ ئەوەی ریال مەدرید بۆ مۆندیالی یانەکان ئامادە بکات، کە دوای 24 رۆژی دیکە، رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکان لە کۆمەڵەی هەشتەم رووبەڕووی هیلالی سعوودی دەبێتەوە.

رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، گەرچی ڤینیسیوس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ بۆ مۆندیالی یانەکان بەردەست دەبن، بەڵام ئێندریک بەهۆی پێکانەوە لەو پاڵەوانێتییە بێبەش دەبێت و هێشتا چارەنووسی رۆدریگۆ نادیارە و براهیم دیازیش پێکانی هەیە.

ئالۆنسۆ گەرچی دەتوانێت لە ئەمریکا یاریی بە دین هاوسن بەرگریکاری نوێی یانەکەی بکات، بەڵام هەریەکە لە داڤید ئالابا و ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر و فێرلاند مێندی بەهۆی پێکانەوە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، گەرچی ئالابا و رۆدیگەر بۆ مۆندیالی یانەکان ئامادە دەبن، بەڵام مێندی تاوەکو دەستپێکی وەرزی داهاتوو بەردەست نابێت، دانی کارڤاخالیش هێشتا بۆ یاریکردن ئامادە نییە و ئالۆنسۆ ناتوانێت لەم هاوینە سوودی لێ وەربگرێت.

مۆندیالی یانەکان بۆیەکەمجار بە شێوازێکی نوێ لەم هاوینە لە ئەمریکا بە بەشداریی 32 یانە بەڕێوە دەچێت، رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و ریال مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەم هاوشانی هیلالی سعوودی و پاچوکای مەکسیکی و سالزبێرگی نەمسایی یاریی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button