مانچێستەر یونایتد جیا لە کونیا هێرشبەرێکی دیکە دەگوازێتەوە
گفتوگۆی رووبەڕوو کراوە

یاریگا –
بەرپرسانی باڵای مانچێستەر یونایتد گفتوگۆی رووبەڕوویان لەگەڵ لیام دێلاپ، هێرشبەری ئیپسویچ تاون کردووە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی گواستنەوەی ماتیوس کونیا، هێرشبەری وۆڵڤز بۆ ئۆڵدترافۆرد، مان یونایتد لە هەمان کاتدا دەیەوێت دێلاپ بگوازێتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتد کێبڕکێی توندی لەگەڵ چێڵسی لەسەر گواستنەوەی کونیا کرد و ئێستاش هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی دێلاپ خستووەتەگەڕ.
دوای دابەزینی ئیپسویچ تاون بۆ چامپیۆنشیپ، یانەکە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 40 ملیۆن پاوەندە چالاک کرد، ئەمەش دوای تۆمارکردنی 12 گۆڵ لە یەکەم وەرزی خۆیدا لە پرێمەرلیگ.
لەلایەکی دیکەوە، مان یونایتد هەموو وردەکارییەکی لەگەڵ کونیا تەواوکردووە و لەگەڵ کرانەوەی وادەی یەکەمی مێرکاتۆی هاوینە دوای 12 رۆژی دیکە، دەبێتە یاریزانی مان یونایتد.
مانچێستەر یونایتد توانای دارایی بۆ گواستنەوەی دێلاپ هەیە و لەوانەیە دوای تەواوبوونی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ و روونبوونەوەی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەنگاوی دیکە بنێن.