
یاریگا –
زاخۆ لە نەجەف دوایین ئامادەکاری خۆی کرد و بە ئامانجی سێیەم سەرکەوتنی بەدوای یەک رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە.
سێ شەممە ( 20ـی ئایاری 2025 ) لە گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە یاریگای نەجەف کاتژمێر 8:30ـی شەو بەرامبەر قاسم یاریی دەکات، زاخۆ بە هیوای سێیەم سەرکەوتنی بەدوای یەکە لە سەر دەستی راهێنەر عەبدولغەنی شەهد، قاسمیش ئەیمەن حەکیمی راهێنەری سووری دەستیلەکارکێشاوەتەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی تیپەکە.
بۆ ئەم یارییە بە هۆی پێکانەوە زاخۆ لە توانای ئەمجەد عەتوان ئەستێرەی تیپەکە بێبەش دەبێت، سیپان سدیقی بەرگریکاریش بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر حدوود ناتوانێ بەشداری یارییەکە بکات.
زاخۆ و قاسم نۆ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە لە مێژوودا، زاخۆ تەنها یەک یاریی بردۆتەوە ئەویش لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بوو کە لە یاریگای خۆی 6 _ 2 براوە بوو، قاسم دوو یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە شەش یارییشدا یەکسان بوونە، لە وەرزی 2020 _ 2021 لە یاریی کۆتایی خولی پلە یەکی عێڕاقی ئەوکات قاسم بە لێدانی یەکلاکەرەوە 4 _ 1 سەرکەوت و بووە پاڵەوانی خولی پلە یەکی عێڕاق.
بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ لە 32 یارییدا زاخۆ لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دێت، قاسم 48 خاڵی هەیە لە 33 یارییدا و لە ریزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.