بەدواداچوون؛ کام یانە گەیشتوونەتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو
بۆچی ئینگلتەرا و ئیسپانیا بە پێنج نوێنەر بەشداری دەکەن؟ ئۆڵیمپیاکۆس چۆن سەرکەوتووە؟

یاریگا –
لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوبوونی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی سەرجەم خولەکانی ئەوروپا، خەریکە ناسنامەی بەشداربووانی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2025-26 یەکلاییدەبێتەوە.
ئەم وەرزە نائاساییبوو، چونکە یەکەمجاربوو ژمارەی یانەکانی بەشدار لە 32 بۆ 36 بەرزبکرێتەوە و شێوازی تەواوی خوولەکەش گۆڕا.
چەندین یانە گەیشتنیان بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووی یەکلاییکردووەتەوە، لە پرێمەرلیگ یانەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ یەکلاییانکردووەتەوە و لە لالیگا بارسێلۆنا و ریال مەدرید.
تاوەکو ئێستا چەند یانە سەرکەوتوون؟
وڵات | یانە |
---|---|
ئینگلتەرا | لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، (نیوکاسڵ یونایتد)، (چێڵسی) |
ئیتاڵیا | ناپۆلی، ئینتەر میلان، ئاتاڵانتا، (یوڤێنتوس) |
ئیسپانیا | بارسێلۆنا، ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید، (ئاتلێتیک بیلباو) |
ئەڵمانیا | میونشن، لیڤەرکوزن، فڕانکفورت، دۆرتموند |
فەڕەنسا | پاریس سانجێرمان، مارسیلیا، مۆناکۆ |
هۆڵەندا | ئایندهۆڤن، ئەیاکس |
پۆرتوگال | سپۆڕتینگ |
بەلجیکا | سەینت گلواس |
تورکیا | گاڵاتەسەڕای |
چیک | سلاڤیا پڕاگا |
*باشترین ئەنجامی پێنج ساڵی رابردوو | ئۆڵیمپیاکۆس |
*باشترین ئاستی ئەوروپی | (ئاستۆن ڤیلا)، ڤیاڕیال |
پاڵاوتنەکان – رێچکەی پاڵەوانان | دیاریینەکراوە |
پاڵاوتنەکان – رێچکەی خوول | دیاریینەکراوە |
میکانیزمەکە چۆنە؟
لە ئیسپانیا، یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید و (ئاتلێتیک بیلباو) گەیشتنیان بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو یەکلاییکردووەتەوە، لەوانەیە ڤیاڕیالیش ببێتە پێنجەم نوێنەری ئیسپانیا، ئەمەش بەهۆی یاسای نوێی پاڵەوانیەتییەکە.
لە ئیتاڵیا یانەکانی ناپۆلی، ئینتەر میلان، ئاتاڵانتا و (یوڤێنتوس) نوێنەرایەتی سێریا ئەی دەکەن، لە ئەڵمانیا بایرن میونشن، بایەر لیڤەرکوزن، ئینتراخت فڕانکفورت و بۆڕووسیا دۆرتموند نوێنەری بۆندسلیگان.
یانەیەکی وەکو ئۆڵیمپیاکۆس چۆن راستەوخۆ گەیشتووەتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو؟
بەگوێرەی یاساکانی هاوسەنگکردنەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، بەهۆی ئەوەی پاریس سانجێرمان و ئینتەر میلان کە یاریی کۆتایی ئەم وەرزە دەکەن، گەیشتوونەتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئەوا بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەو یانەیەی باشترین ئەنجامی لە پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپای پێنج وەرزی رابردوودا هەبێت، راستەوخۆ بەشداری چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکات.

پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ خۆکارانە بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوودا دەکەن، لەسەر ئاستی یۆرۆپالیگ، مانچێستەر یونایتد و تۆتنهام گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی و لەسەر ئاستی خوولی ناوخۆییدا، هیچ کامیان پلەی گەیشتووی بە چامپیۆنزلیگ بەدەست نەهێناوە.
باشترین ئاستی ئەوروپی چییە؟
لە چوارچێوەی پەیکەربەندی نوێی پاڵەوانیەتییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، شوێنی باشترین ئاستی ئەوروپی بە دوو وڵات دەدرێت کە یانەکانیان باشترین ئەنجامیان لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی ئەم وەرزەی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا هەبێت.
لێکدانەوە بیرکارییەکە چۆن دەکرێت؟
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کاریگەری یانەکانی وڵاتەکە بە شێوازێکی جیاواز لێکدەداتەوە، بۆ نموونە یانەکانی پرێمەرلیگ دەستنیشاندەکرێن؛ کۆی خاڵی یانەکانی پرێمەرلیگ لە پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا دابەشی ژمارەی نوێنەرانی خوولەکە (وڵاتەکە) دەکرێن.
لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەم هاوکێشە بیرکارییە لێکدراوەتەوە و بەمەش پێنج یانە لە لالیگا و پرێمەرلیگ بەشداری چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکەن.
بۆ وەرزی 2025-26، ئینگلتەرا و ئیسپانیا پێگەی خۆیان بۆ بەشداریپێکردنی پێنج یانە یەکلاییکردەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی یانەکانی هەردوو وڵات لە پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2024-25.
کەی وەرزی 2025-26 دەستپێدەکات؟
قۆناخی پاڵاوتنی چامپیۆنزلیگ لە 8ی ئۆگەست/ئاب دەستپێدەکات و چەند یانەیەک رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دەکەن. یانەکان رکابەری لەسەر حەفت کورسی دەکەن.
قۆناخی خوول (قۆناخی کۆمەڵەکانی ڤێرژنی پێشوو) لە 16ی سێپتێمبەر/ئەیلوول دەستپێدەکات و هەر یانەیەک هەشت یاریی دەکات، ئیتر سیستمی گەیشتن بە قۆناخی دواتر، هاوشێوەی ئەم وەرزە دەبێت.
یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2025-26 لە کوێ دەکرێت؟
یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانیەتیی جیهان لە پوشکاش ئارێنا لە بوداپێست، هەنگاریا دەکرێت. ئەمە یەکەمجارە بوداپێست میوانداری یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکات. بڕیارە یارییەکە لە 30ی مایس/ئایاری ساڵی داهاتوو بکرێت.