ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

قەیرانێكی گەورە لە کۆتایی وەرزدا؛ یارییەکانی گەڕەکانی داهاتووی لالیگا پەخش ناکرێن و ڤار نامێنێت

بەهۆی بایکۆتی کارمەندانی کۆمپانیای جێبەجێکار چیدیکە یارییەکانی خولەکە ناگوازرێنەوە

Yariga App

یاریگا –

بەهۆی بایکۆتکردنی کارمەندانی کۆمپانیای مێدیاپرۆ، لەوانەیە یارییەکانی سێ گەڕی کۆتایی ئەم وەرزەی لالیگا پەخش نەکرێن.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، مەترسی لەسەر گواستنەوە و پەخشی یارییەکانی گەڕەکانی کۆتایی ئەم وەرزەی لالیگا دروستبووە، کارمەندەکانی کۆمپانیای Mediapro کە کۆمپانیای جێبەجێکاری بەرهەمهێنانی پەخشی یارییەکانی خولەکەیە، هەڕەشەی بایکۆتکردن دەکەن.

موندۆ رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵەی لالیگا بڕیاریداوە لە وەرزی داهاتووەوە کۆمپانیای مێدیاپرۆ مافی بەرهەمهێنانی پەخشی یارییەکانی خولی پلە یەک و دووی لێ بسەنرێتەوە، کارمەندانی ئەو کۆمپانیایە لەپێناوی وەرگرتنی دڵنیایی لەدەست نەدانی کارەکەیان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی کارکردن لە گەڕەکانی 36 و 37 و 38ـەمی خولەکە دەکەن.

لەبەر ئەوەی خاڤیێر تێباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا بڕیاریداوە مافی بەرهەمهێنانی پەخشی یارییەکانی خولی پلە یەک و دوو بۆ وەرزی داهاتوو بە کۆمپانیای HBS بسپێرێت، کارمەندانی کۆمپانیای مێدیاپرۆ هەڕەشەی ئەوە دەکەن، لە رۆژانی 13 تاوەکو 25ـی ئەم مانگە بایکۆتی کارەکەیان بکەن.

لەبەر ئەوەی کۆمپانیای مێدیاپرۆ بەرپرسە لە گواستنەوەی یارییەکانی لالیگا، ئەگەر کارمەندەکان لەسەر بڕیارەکەیان سووربن، ئەوا یارییەکانی سێ گەڕی کۆتایی ئەم وەرزەی لالیگا ناگوازرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو سێ گەڕە چارەنووسسازن و ناسنامەی پاڵەوان و یانە سەرکەوتووەکانی خولەکانی ئەوروپا و ئەو یانەنە ئاشکرا دەبێت کە دادەبەزن بۆ ریزی یانە پلە دووەکان.

mediapro

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، کۆمەڵەی لالیگا بە ئارامی و لەسەرخۆیی مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە دەکەن و دەیانەوێت بە هێمنی ئەم بارە لەناکاوە تێبپەڕێنن، چونکە ئەگەر چارەسەری ئەم قەیرانە نەکرێت، نەک هەر یارییەکانی لالیگا ناگوازرێنەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر سیستەمی ڤاریش دەبێت، چونکە هەر هەمان کۆمپانیا بەرپرسە لە جێبەجێکردنی سیستەمی ڤاریش.

یەکێک لەو یارییانەی مەترسی لەسەر گواستنەوەی و پەخشکردنی دروستبووە، یاریی ئیسپانیۆل و بارسێلۆنایە کە رۆژی پێنجشەممە دەکرێت، بەڵام مەترسی لەسەر یارییەکانی گەڕی سی و پێنجەمی خولەکە نییە، یاریی کلاسیکۆ بەبێ هیچ مەترسییەک دەگوازڕیتەوە و پەخش دەکرێت، کە سبەی لە گەڕی سی و پێنجەمی خولەکە لە نێوان بارسێلۆنای یەکەم و ریال مەدریدی دووەم دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button