ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامانجێکی گەورەی ریال مەدریدی رفاند

یاریگا –
پێش تەواوبوونی وەرزەکە بە چەند هەفتەیەک، ئاتلێتیکۆ مەدرید توانی ئامانجێکی دیاری ریال مەدرید لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
ریال هەر لەدوای رۆیشتنی مارسێلۆوە وێڵە بەدوای هێنانی یاریزانێکی ئاستبەرز بۆ ئەو پێگەیەی بەرگری چەپ، کە ئێستا دوو بژاردەی وەک فران گارسیا و مێندی بەردەستە بەڵام لە ئاستیان رازیی نیە. بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە ئالفۆنسۆ دەیفزی ئەستێرەی بایرن میونشن، چاوی لە تواناکانی میگێل گوتێرێزی جێرۆنایە کە پێشتر لە ئەکادیمیاکانی ریال یاریکردووە بەرلەوەی لە ساڵی 2022 بیفرۆشێت بە یانەی جێرۆنا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێرجیۆ ڤالانتین لە رادیۆی مارکا، ئاتلێتیکۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی زارەکی لەگەڵ بەرگریکارە 23 ساڵاڵییەکە و ئەو یاریزانەش بە ئۆفەرەکەی رۆخی بلانکۆ رازیی بووە.
سەرچاوەکە هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتنی ریال و جێرۆنا بۆ ئەوە گەڕاندووتەوە کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی میگێل 35 ملیۆن یۆرۆیە، یانە شاهانەکەش نەیوستووە مەرجی کڕینەوە کە لە نێوانیاندا واژۆ کرابوو، چالاک بکاتەوە.
El Atlético de Madrid tiene un acuerdo verbal con Miguel Gutiérrez. https://t.co/Ug4yhNYQI4
— Sergio Valentín (@Sergivalentin_) May 5, 2025
گوتێرێز جگە لە لایەنی بەرگریی، تایبەتمەندێتیەکی باشی تێدایە بۆ هێرشبردن. لەم وەرزە لەکۆی 36 یاریی بۆ یانەکەی، خاوەنی 2 گۆڵ و 6 ئەسێستە.

سەرچاوەکە ئەوەشی زانیوە کە دوای ئەم پێشهاتە، ئێستا راداری مەدریدیەکان کەوتووەتەوە سەر ئالڤارۆ کارێراسی یاریزانی بێنفیکای پۆرتوگالی کە ئەویش هەر بەرهەمی مەدریدە. لەم وەرزەش ئاستێکی نایابی بۆ یانە پۆرتوگالیەکەی پیشانداوە بەجۆرێک خاوەنی 4 گۆڵ و 5 ئەسێستە.
