گەورەترین ئەنجام و زۆرترین کارتی سوور لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە گەڕی رابردوو بووە
سێ گۆڵپارێز کلین شیتیان کردووە

یاریگا –
لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، زۆرترین کارتی سوور و گەورەترین ئەنجامیش لە گەڕی 27ـی خولەکە بوو.
لە کۆی ئەنجامدانی شەش یاریی گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان 22 گۆڵ تۆمار کرا، حەفت گۆڵ لە گێمی یەکەم و 15 گۆڵیش لە گێمی دووەم تۆمارکراوە، هێمن نازانم یاریزانی هەندرێن خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم گەڕەبوو کە بەرامبەر هەولێر لە خولەکی پێنج تۆماریکرد.
لە گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان سێ گۆڵپارێز کلین شیتیان کردووە، هەریەک لە هەڤاڵ بەهائەدین لە سیروانی نوێ و عەباس یابڕ لە ئاکرێ و گەیلان سادق لە هەندرێن کلین شتیان لەگەڵ یانەکانیان کرد و هیچ گۆڵێکیان لێ تۆمار نەکرا، گەورەترین ئەنجامی ئەم گەڕەش سیروانی نوێ بەدەستی هێنا کاتێک 6 _ 0 لە شێروانەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی بردەوە.
لە هەر شەش یاریی گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان 31 کارتی رەنگاورەنگ بەرزکراوەتەوە، 27 کارتی زەرد و چوار کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەرزکراوەتەوە، ژمارەی کارتە سوورەکانیش زۆرترین ژمارە بووە لە گەڕێکی ئەم وەرزەی خولەکە بەکارهاتبێت.
دەربەندیخان و رانیە لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان هیچ کارتێکی رەنگاورەنگیان وەرنەگرتووە و یاریی خاوێنیان لەم گەڕەدا کردووە.