ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پلانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ وەرزی داهاتوو؛ چابی ئەلۆنسۆ و چوار یاریزانی نوێ دەگوازێتەوە ریال مەدرید

پێرێز بڕوای وایە دەبێت ریفۆرمی گەورە لە هێلی بەرگری بکرێت

Yariga App

یاریگا –

فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاری چەند گۆڕانکارییەکی داوە و لە ئێستاوە ئەو یاریزانانەی دەستنیشان کردووە کە بۆ وەرزی داهاتوو دەیانگوازێتەوە ریال مەدرید، وەرزی داهاتوو چابی ئەلۆنسۆ لە شوێنی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەرایەتی مێرەنگی دەکات.

تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دوای کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ و دۆڕانیان بەرامبەر ئارسیناڵ، بڕیاریداوە لە ئێستاوە ئامادەکاریی بۆ وەرزی داهاتوو بکات، راهێنەر و چەند یاریزانێکی یانەکەی دەگۆڕێت، چاکسازیی گەورە لە هێلی بەرگری یانەکەی دەکات.

چابی ئەلۆنسۆ لە شوێنی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەکات

چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری ئیسپانی یانەی بایەر لیڤەرکوزن دەبێتە یەکەم گۆڕانکاریی ئەم هاوینەی مەدریدییەکان، بەگوێرەی زانیارییەکانی ریلیڤۆ لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید زۆربەی یاریزانەکان متمانەیان بە کارلۆ ئەنچیلۆتی نەماوە و داوایان کردووە بۆ وەرزی نوێ راهێنەرە ئیتاڵییەکە دووربخرێتەوە.

ئەلۆنسۆ کە دەمێکە خەون بە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەبینێت، بۆ وەرزی داهاتوو لەسەر کورسی یەدەکی یانە مەدریدییەکە دادەنیشێت و شوێنی ئەنچیلۆتی دەگرێتەوە، کە پێشتر وەکو یاریزانیش لە یانە مەدریدییەکە کاری کردووە.

دەمێکە پێرێز خۆی یەکلاکردووەتەوە و ئەلۆنسۆی وەکو راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید هەڵبژاردووە، بۆیە لە ئێستاوە راهێنەرە لاوەکەی لیڤەرکوزن دەستی بە دانانی پلان و بیرکردنەوە لە رێکخستنەوەی پێکهاتەکەی ریال مەدرید کردووە.

مارتن زوبیمێندی شوێنی لوکا مۆدریچ دەگرێتەوە

مارتن زوبیمێندی دەبێتە یەکەم گرێبەستی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید، ئەم ناوەڕاستکارە ئیسپانییە کە هاوینی رابردوو نزیکبوو رووبکاتە ریزەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ، ئەلۆنسۆ بەم ناوەڕاستکارەی ریال سۆسیداد سەرسامە، گەرچی ریال مەدرید خاوەنی کۆمەڵێک ناوەڕاستکاری باشە، بەڵام زوبیمێندی یاریزانی دڵخوازی ئەلۆنسۆیە و هاوینی داهاتوو بەربژێرە بۆ ئەوەی درێسی لۆس بلانکۆس بپۆشێت.

گەرچی ریال مەدرید لە هێلی ناوەڕاست خاوەنی ئۆریلیەن چوامینی و ئێدواردۆ کاماڤینگایە، بەڵام لە ئێستاوە مەدریدییەکان دەبێت کار بۆ پڕکردنەوەی شوێنی لوکا مۆدریچ و تۆنی کرووس بکەن، ئەگەر نەتوانن زوبیمێندیش بگوازنەوە، ئەوا هەر دەبێت ناوەڕاستکارێکی دیکە بگوازنەوە.

ریفۆرمی گەورە لە هێلی بەرگری دەکرێت

فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە ریفۆرمی گەورە لە هێلی بەرگری ریال مەدرید بکرێت، ئەم وەرزە بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی بەرگریکارەکان، ریال مەدرید لە هێلی بەرگری دۆخی خراپ بوو، پێکانی دانی کارڤاخال و ئیدێر میلیتاو و داڤید ئالابا بە تەواوەتی وەزارەتی بەرگری شاهانەکانی لاواز کردبوو.

ریال مەدرید دەیەوێت بەرگریکارێکی چەپ بگوازێتەوە ریزەکانی، بۆ ئەوەی ببێتە تەواوکەری فێرلاند مێندی، کە بەهۆی پێکانەوە بەرامبەر ئارسیناڵ دابڕا و بۆشاییەکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتبوو، فران گارسیا و داڤید ئالابا نەیانتوانی شوێنەکەی پڕ بکەنەوە.

گەرچی ئەلفۆنسۆ دەیڤز گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێکردووەتەوە، بەڵام هیشتا ریال مەدرید چاوی لەسەر ئەو بەرگریکارە کەنەدییەیە، میگێل گۆتێرێز بەرگریکاری جیرۆناش یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ریال مەدرید بۆ ئەوەی لە بەرگری چەپ درێسی یانەکە بپۆشێت، ئەو بەرگریکارە 23 ساڵانە پێشتر بەرهەمی ریال مەدریدە و لە لاوانی لۆس بلانکۆس پێگەیشتووە، لەلایەن مەدریدییەکانەوە چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ریال مەدرید کە هاوینی 2022 ریال مەدریدی بەرەو جیرۆنا بەجێهێشت.

بەهۆی ئەوەی ئەم وەرزە ئیدێر میلیتاو و داڤید ئالابا تووشی پێکانی قورس بوون، ریال مەدرید لە دڵی بەرگری کێشەی هەبوو، بۆیە گواستنەوەی بەرگریکاری دڵی بەرگری یەکێک دەبێت لە پلانەکانی مێرەنگی بۆ وەرزی نوێ.

ئالێکساندەر ئارنۆڵد کە ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت، بەربژێرە بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینە بر گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە ریزەکانی ریال مەدرید و لە بەرگری راست یاوەری دانی کارڤاخال بکات، کە بەهۆی پێکانەوە لەم وەرزە دابڕابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button