پریڤیوی یاریی قادسیە VS دهۆک؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 07:45 لە یاریی چوونی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دهۆک لە یاریگای محەمەد حەمەد لە کوێت دەبێتە میوانی قادسیەی کوێتی، ماجد شەمەرانی ناوبژیوانی سعوودی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە راسپێردراوە.
بەگوێرەی راپرسییەکی ئەپڵیکەیشنی یاریگا، ٪74ـی بەشداربووان پێشبینی دەکەن دهۆک بباتەوە و ٪9 پێشبینی دەکەن قادسیە بباتەوە و ٪17 پێشبینی دەکەن یەکسان بن.
نزیکەی هەزار هاندەری دهۆک بۆ یارییەکە چوونەتە کوێت
نزیکەی هەزار هاندەری دهۆک لەپێناوی هاندانی یانەکەیان لە یاریگای محەمەد ئەلحەمەد گەشتی کوێتیان کردووە، بۆ ئەوەی هانی یانەکەیان بدەن، کە عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک سەرجەم بلیتەکانی بۆ هاندەرانی دهۆک کڕیوەتەوە، کە نرخی هەر بلیتێکی ئاسایی یارییەکە سێ دیناری کوێتییە کە دەکاتە نزیکەی نۆ دۆلاری ئەمریکی.
ئەمڕۆ بەشێک لە خەڵکی دهۆک وەکو پشتیوانییەک بۆ یانەکەیان، بە پۆشینی درێسی یانەی دهۆک چوونەتە سەر کار و دەوام، لە بەیانییەوە درێسە زەردەکەی دهۆکیان پۆشیوە و لە ئێستاوە دەستیان لەسەر دڵیانە بۆ ئەوەی ئەمشەو لە کوێت ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنن.
ئەنجامی قادسیە بەرامبەر یانەکانی عێراق لە پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا
قادسیە لە مێژوودا لەکۆی 12 یاری بەرامبەر یانەکانی عێراق 6 بردنەوە و 3 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی بەدەستهێناوە، کە 5 یاری بەرامبەر هەولێر کردووە و یانەکەی قەڵاومنارە دوو بردنەوەی بەرامبەر قادسیە بەدەستهێناوە و لە دوو یارییەکەی دیکە یەکسان بووە و قادسیەش یارییەکی لە هەولێر بردووەتەوە.
دوایین رووبەڕووبوونەوەی قادسیە بەرامبەر یانەکانی عێراق ساڵی 2015 بووە، کە رۆژی 13ـی مایۆ/ئایاری 2015 لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی یەکێتیی ئاسیا لەسەر خاکێ کوێت، هەولێر 2-1 لە قادسیەی بردەوە، لوئەی سەڵاح و محەمەد جەفال گۆڵەکانی یانەکەی کوردستانیان کرد.
قادسیە لە مێژوودا شەشەمین جارە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و دوو جاریش نازناوەکەی بەدەستهێناوە، بەڵام دهۆک یەکەمجارە بەشداریی دەکات و یەکەم یانەی عێراقیشە لە مێژوودا بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
قادسیە لە خولی نایابی کوێت لە پلەی سێیەمی خولەکە دێت و لە رابردوودا 17 جار بووەتە پاڵەوانی خولەکە، دهۆکیش جارێک نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێناوە و ئێستاش لە پلەی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بەڵام هەڵۆیەکانی چیا پێنج یاریی دواخراویان ماوە.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
قادسیە: خالید رەشیدی، مەعاز زەفیری، راشد دۆسەری، حوسێن دهێری، خالید ئیبراهیم، دانیێل ئەجیبولا، مەهدی برەحمە، عوزبی شەهاب، عەبدوڵا متاوع، عید رەشیدی، ئیسماعیل خافی.
دهۆک: محەمەد ساڵح، بەیار ئەبوبەکر، هێنریک تورسی، لوکاس موزیس، سیابەند عەگید، زانا عەلی، هاروون ئەحمەد، پیتەر گورگیس، کەریم دەروێش، یانیک زاکری، مارلۆن سانتۆس.
مەسعود میرال: لە دهۆک پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو یەکلا دەبێتەوە