کوردستان
جارێکی تر یاریزانانی هەولێر بایکۆتی مەشق و راهێنانی تیپەکە دەکەن

یاریگا –
یاریزانانی هەولێری بەشدار لە خولی نایابی کوردستان جارێکی دیکە بایکۆتی مەشق و راهێنانی تیپەکە دەکەن.
دوای تەواوبوونی یارییان بەرامبەر سیروانی نوێ و کە تیایدا 3 _ 0 شکستیان هێنا، یاریزانانی هەولێر چیتر مەشق ناکەنەوە تاوەکو مووچەکانیان وەرنەگرن، سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کەوا دوای یاریی سیروانی نوێ یاریزانەکان بە شوان ئەنوەری راهێنەری تیپەکەیان راگەیاندووە کە چیتر ناگەڕێنەوە مەشق و راهێنانی تیپەکە تاوەکو مووچه و شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت، راهێنەریش بە یاریزانەکانی گوتووە دەنگ و بریارەکانتان دەگەینمە دەستەی کارگێڕی.
یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی هەولێر 65 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و چەند جارێکە بایکۆت دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان بەدەست بێنن، هەولێر 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 12ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.