
یاریگا –
کیلیان ئێماپێ، ئەستێرە فەرەنسییەکەی ریال مەدرید دوای ئەوەی پەیوەندی بە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی کردەوە رەخنە باران کرا.
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی لاوی ریال مەدرید دوای شەش مانگ دوورکەوتنەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا بەهۆی پێکانەوە بە بڕیاری دیشامپ، بانگهێشت کرایەوە بۆ کەمپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی. بەڵام ئەم گەڕانەوەیە لەلایەن هەموو لایەکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ نەکراوە و رەخنەی توندی لەلایەن میدیاکان و هەندێک لە یاریزانانی پێشووی فەرەنسییەوە لێکەوتووەتەوە.
ئێمباپێ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ لۆ پاریسیەن، دانی بەوەدانا کە هەندێک ناکۆکی لەگەڵ دیشامپ هەبووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ناکۆکییانە هەرگیز نەبووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەر نێوانمان تێکچووبا، هەرگیز وەڵامی پەیوەندییەکانیم نەدەدایەوە، بەڵام هەمیشە رێزم لە راهێنەر گرتووە و پێکەوە سەرکەوتنێکی زۆرمان بەدەستهێناوە. چەند جیاوازییەکی بچووک ناتوانێت ئەم پەیوەندییە تێکبدات.
ئامادەنەبوونی لە دوو کەمپی رابردووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەتایبەتی کاتێک سەرەڕای پێکان یاری بۆ ریال مەدرید دەکرد، بەڵام بۆ فەرەنسا ئامادە نەبوو، دەنگۆی لەسەر پابەندبوونی بە هەڵبژاردە لێکەوتەوە. زۆرێک لە فەرەنسا پێیان وایە یانە نوێیەکەی لەبری هەڵبژاردەە ولاتەکەیی هەڵبژاردووە. ئەمەش لەو کاتەدا مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، مشتومڕەکانی لەسەر گونجاوی ئەو بۆ کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی لێکەوتەوە، کە ئێستا بە گەڕانەوەی جارێکی دیکە گەرمتر بووەتەوە.
جیرۆم روتن یاریزانی پێشووی فەرەنسا بە راشکاوی لە کەناڵی ئاڕ ئێم سی سپۆرت گوتی:
من پرسیار لە هۆکاری پێدانی قۆڵبەستی کاپتنی بە ئێمباپێ دەکەم. بێ گومان یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و پێویستە بانگهێشت بکرێت، بەڵام بەو هەڵانەی کردوویەتی، شایەنی قۆڵبەستی کاپتنی نییە. دیشامپ دەیەوێت تیپێک دروست بکات کە سەرکردەیەکی راستەقینەی هەبێت بۆ بردنەوەی مۆندیال، بەڵام هەڵسوکەوتی ئێمباپێ ئەم وێنەیەی لەکەدار کردووە.
هەروەها پاتریس ئێڤرا، یاریزانێکی دیکەی پێشووی فەرەنسا، بە توندی رەخنەی لە ئێمباپێ گرت و گوتی:
کێشەی سەرەکی ئەو پەیوەندییە کارەساتبارەکانیەتی. کاتێک قسە دەکات وەک ئەوە وایە بیەوێت وەک سەرۆکی فەرەنسا قسە بکات، لەکاتێکدا تەنیا یاریزانێکە.
ئەم رەخنانە ئەوە دەردەخەن کە ئێمباپێ سەرەڕای بەهرە بێهاوتاکەی، هێشتا نەیتوانیوە متمانەی تەواوی کۆمەڵگەی تۆپی پێی فەرەنسا بەدەستبهێنێت و گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی نەک هەر کۆتایی بەو مشتومڕانە نەهێنا، بەڵکو بڵێسەی ناتەبایی هەڵگیرساندەوە.