راسموس هۆیلوند دەگەڕێتەوە سێریا ئەی
لە پرێمەرلیگ خۆی نەسەلماندووە

یاریگا –
راسموس هۆیلوندی دانیمارکی ئینگڵتەڕا جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا.
ماڵپەڕی تۆک سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ناپۆلی ئیتاڵی، راسموس هۆیلوندی هێرشبەری مانچێستەر یونایتدی کردووەتە ئەمانج و بەنیازن لە مێرکاتۆی هاوینە ئۆفەرێک بۆ گواستنەوەی پێشکەش بکەن.
هۆیلوند لە هاوینی 2023 بەبڕی 73.90 ملیۆن یۆرۆ لە ئاتاڵانتای ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە شەیتانە سوورەکان کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا لە پرێمەرلیگ خۆی نەسەلماندووە و ئاستێکی خراپ پێشکەش دەکات.
هێرشبەرە 22 ساڵانییەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە 21 یاریی تەنیا 2 گۆڵی کردووە. لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانیش لە 33 یاریی 7 گۆڵ و یەک ئەسیستی کردووە.
روبن ئامۆریمی پۆرتوگالی و راهێنەری نوێی یانەکەش لە ئاستی یاریزانەکە ناڕازییە و وەک یاریزانێکی سەرەکی پشتی پێ نابەستێت.
ناپۆلی ئامادەیە ئۆفەرێک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەش بکات بەو مەرجەی مانچێستەر داوای نرخی پێشووی یاریزانەکە نەکات و ئامادەیە کەمتر لە 73 ملیۆن بۆ گواستنەوەی خەرج بکات.
هاوکات مانچێستەر یونایتد چاوی لەسەر ڤیکتۆر ئۆسیمینی هێرشبەری ناپۆلییە کە ئێستە بەخواستن یاریی بۆ گالاتاسەڕای دەکات. بۆیە ئاڵوگۆڕی ئەو دوو هێرشبەرە لە مێرکاتۆی هاوینە ئەگەرێکی کراوەیە.