یانەیەکی ناودار خۆی بۆ گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکی ئامادە دەکات
"گەڕانەوە بۆ نیشتیمان"
یاریگا –
پاڵمێراس دەیەوێت ئەستێرەی لاوی بەرازیلی ڤیتۆر رۆکی بگەڕێنێتەوە نیشتیمان.
رۆژنامەی گڵۆبۆی بەرازیلی بڵاویکردووەتەوە، پاڵمێراس بەدوای هێرشبەرێک دەگەڕێت، ڤیتۆر رۆکی یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکانیان و بەنیازن بۆ یارییەکانی جامی جیهانی یانەکانی 2025 گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
یاریزانە 19 ساڵانییەکە لە زستانەی 2024 بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە ئاتلێتیکۆ پاراناینسێی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد. بەڵام لەگەڵ یانە کاتالونییەکە سەرکەوتوو نەبوو. تەنیا 353 خولەک دەرفەتی یاریکردنی پێدرا و 2 گۆڵی کرد.
لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوو بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریال بێتیس کرد. ئێستا باشترین کاتەکانی خۆی لە ئەوروپا بەڕێدەکات و دووەم گۆڵکاری یانە ئیسپانییەکەیە.
رۆکی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان 29 یاریی بۆ ریال بێتیس کردووە. 7 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵیشی دروستکردووە.
ڤیتۆر دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا ئاشکرایکرد بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەری بووە بیری لەوەکردووەتەوە راستەوخۆ بگەڕێتەوە بەرازیل و ئەوروپا جێبهێڵێت. بەڵام ئێستا لەگەڵ ریال بێتیس ئاسودەیە و خۆی گونجاندووە.
لە هاوینی داهاتوو ماوەی خواستنی یاریزانەکە لەگەڵ ریال بێتیس کۆتایی دێت. بەگوێرەی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکێت نرخی ئێستای یاریزانەکە لە بۆرسەدا 20 ملیۆن یۆرۆیە. پاڵمێراسیش دەیەوێت سود لەو دەرفەتە وەربگرێت و گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.