یاریگا –
ئەمڕۆ لە یاریی لووتكەی هەفتەی 23ی سێریا ئەی ئەیسی میلان میوانداری ئینتەر میلان دەكات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 20:00 بەكاتی كوردستان ئەیسی میلان میوانداری ئینتەر میلان بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 23ی سێریا ئەی.
پڕۆفایلی یاری
رووبەرووبوونەوەی نێوان ئەیسی میلان و ئینتەر میلان بە دێربی توڕە ناسراوە و بە یەکێک لە بەهێزترین و دێرینترین دێربییەکانی مێژوو دادەنرێت.
لەم وەرزەداو لە یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیا دوای گەیشتنی هەردوو یانە بە یاریی كۆتایی، ئەیسی میلان بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ئینتەر میلانی بردەوە و توانی نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا بباتەوە.
لەم وەرزەی سێریا ئەی ئەیسی میلان 21 یاریی كردووە، لە 9 یاریی براوە بووە و حەوت یاریی یەكسان بووە و پێنج یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی سێریا ئەی دێت.
لە بەرامبەردا ئینتەر میلان لە 21 یاریی ئەم وەرزەدا 15 یاریی بردووەتەوە و پێنج یاریی یەكسان بووە و یەك یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 50 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی سێریا ئەی دێت.
لە مێژوودا هەردوو یانە 225 جار رووبەڕووی یەک بوونەتەوە، لە 85 یاریی ئینتەر میلان براوە بووە، 73 یاریی ئەیسی میلان و 67 یارییش یەكسان بوون.
لە رووبەرووبوونەوەكانی نێوانیاندا ئینتەر 309 گۆڵیكردووە و میلانیش 290 گۆڵ.
ئاندرێ شێڤچینکۆ بە 14 گۆڵ گۆڵكاری رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان ئەیسی میلان و ئینتەر میلانە.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
ئەیسی میلان بۆ ئەو یارییە لە تواناكانی هەریەك لە یوسف فۆفانا بەهۆی راگیرانەوە، ئێمێرسن و فلۆرێنزی بەهۆی پێكانەوە بێبەش دەبێت.
هەروەها بەشداریكردنی مالیك تیاو، لۆفتوس چیك و كالابریا گومانی لەسەرە.
ئینتەر میلان بە بێ هاكان چاڵهانئۆغلۆ، خواكین كۆرێیا، دی جێنارۆ و ئاچێربی رووبەرووی ئەیسی میلان دەبێتەوە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئەیسی میلان
ماینان
تیۆ هێرناندێز، پاڤلۆڤیچ، تۆمۆری، وۆڵكەر
رێندێرس، بن ناسڕ، موسا
لیاو، ئابراهام، پولیسیچ
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئینتەر میلان
سۆمەر
پاڤارد، ڤرێی، باستۆنی
دومفریس، بارێلا، ئاسلانی، میختاریان، دی ماركۆ
تورام، لاوتارۆ