چامپیۆنزلیگگرنگترین

كارلۆ ئانچێلۆتی: بۆ هەموو رووبەرووبوونەوەیەک ئامادەین

Yariga App

یاریگا –

كارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باس لە بردنەوەكەیان بەرامبەر برێست و قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ دەكات.

شەوی رابردوو برێست لە یاریگای خۆیدا میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە، لە میانی یارییەكانی كۆتا گەڕی قۆناخی خول چامپیۆنزلیگ.

بەو ئەنجامانەش ریال مەدرید خۆی گەیاندە پلەی 11ی چامپیۆنزلیگ و نەیتوانی بگاتە هەشت یانەكەی پێشەوە كە راستەوخۆ بلیتی قۆناخی شازدە وەربگرێت، بۆیە دەبێت قۆناخی پلەی ئۆف تێبپەڕێنێت.

یانە شاهانەكە لە قۆناخی پلەی ئۆف رووبەرووی یەكێك لە یانەكانی مانچێستەر سیتی یاخود سێڵتیک دەبێتەوە.

رۆژی هەینی (31ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) کاتژمێر 14:00 (بە کاتی هەولێر) لە شاری نیۆن لە سویسڕا تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16 رادەکێشرێت.


لە دوای یارییەكە كارلۆ گوتی:

زۆر باش یاریمانكرد، بە باشی لە یارییەكە دەرچووین، تیمەكەمان بە كاتێكی باشدا تێدەپەڕێت و دەبێت بەردەوام بین.

بە شێوازە نوێیەكەی چامپیۆنزلیگ یارییەكان زۆرن، یاریی زۆر كراون، دەبێت هەندێك یاریی لاببەن نەك زیادی بكەن، من حەز لەم شێوازە نوێیەی چامپیۆنزلیگ ناكەم.

تیروپشک دەكرێت و هەر یانەیەک دێت با بێت، بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەبێت هەموو یارییەک ببەیتەوە، ئێمە حەز ناكەین بەرامبەریان یاریی بكەین، ئەوان یەكێک لە پاڵێوراوانی بردنەوەی نازناوەكەن.

رۆدریگۆ زۆر باشە هاوشێوەی هەمووان، ئەو گۆڵی زۆر دەكات، لە هێڵی هێرشبردن بژاردەی زۆرمان هەیە، تیمەكەمان یارییەكی جوانی تۆپی پێ دەكات.

وا بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ریال مەدرید لا لالیگای ئیسپانیا بەرامبەر ئیسپانیۆل یاریی بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button