یاریگا –
عومەر جەنگی یاریزانی بەرگری هەولێر بە هۆی پێکانەوە یاریی بەرامبەر سامەرای تەواو نەکرد و ماوەی دوورکەوتنەوەکەشی ئاشکرا دەکات.
لە قۆناخی یەکەمی یارییەکانی جامی عێراق، هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداری سامەڕای کرد و یارییەکەشی 3 _ 1 بردەوە، لەم یارییەدا عومەر جەنگی یاریزانی دڵی بەرگری هەولێر تووشی خوێنبەر بوونی لووت هات دوای بەریەک کەوتنی لەگەڵ یاریزانێکی سامەڕا و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و گواسترایەوە نەخۆشخانە، دەربارەی پێکانەکەی عومەر بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کە لووتی نەشکاوە و تەنها کڕکڕاگەی لە جێ چووە، پزیشکەکان پێیان راگەیاندم دوو رۆژ پشوو وەربگرم و دواتر بگەڕێمەوە مەشقەکان.
عومەرجەنگی ئەم وەرزە بۆ هەر دوو تیپی کوردستان و عێراق یاریی دەکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، ئەمەش وایکردووە سەمیر بابۆ لە چەند یارییەکی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش پشتی پێببەستێت.