یاریگا –
لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک و شوڕته بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.
لە یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی شوڕتە میوانداری دهۆکی کرد لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق و یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، مەسعود میراڵ راهێنەری دهۆک دەڵێت هەلی ئاسانمان لە دەستدا و دەکرا سەرکەوتن تۆمار بکەین.
دوای تەواو بوونی یارییەکە راهێنەری دهۆک بەمشێوەیە باسی لە ئاست و ئەنجامی تیپەکەی کرد:
لە گێمی یەکەم تیپەکەی ئێمە باشتر یاریی کرد لەگەڵ چارەگی سەرەتای گێمی دووەم، بەڵام یاریزانەکانمان چەندین هەلی گۆڵ تۆمار کردنیان لە دەسەدا، شوڕتە یانەیەکی گەورەیە بە یاریزانەکانی و ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد، بەڵام ئێمە نزیکتر بووین لە سەرکەوتن، هەوڵدەدەین لە یارییەکانی داهاتوو سەرکەوتن تۆمار بکەین.
ماسیس ئارتن بەرگری دهۆک کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو دەربارەی یارییەکە گوتی:
یارییەکی زۆر زەحمەت بوو بۆ ئێمە چونکە بەرامبەر تیپێکی بەهێز و خاوەن یاریگا و هاندەر یارییمان کرد، خەونی هاندەرانی دهۆک بەدی دەهێنین کە وەرگرتنی پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیە هاوشانی یانە جەماوەرییەکان.
بەم یەکسان بوونە دهۆک کۆی خاڵەکانی لە نۆ یاریی گەیاندە 12 خاڵ و لە ریزبەندی 13ـەم دێت، لە 19ـەمی ئەم مانگەش لە یارییەکی دیکەی دواخرا و لە یاریگای خۆی بەرامبەر نەفتی بەسڕە یاریی دەکات، شوڕتەش لە نۆ یاریی 18 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.