یاریگا –
پۆڵ پۆگبا هێشتا بێ یانەیە لەدوای ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا یوڤێنتوس بە فەرمی گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
لەدوای جیابوونەوەی لە یۆڤی دوای ئەوەی سزای سڕکردنەکەی بۆ کەم کرایەوە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە، دەنگۆ بڵاوبووەوە کە ئەو یاریزانە لەگەڵ مانجێستەر یونایتد راهێنان دەکات بۆ دەستخستنەوەی توانای جەستەیی، بەڵام هەرزوو ئەو زانیاریانە لەلایەن فابریزۆ رۆمانۆ رەتکرانەوە.
لە چەند کاتژمێری رابردووشدا بەشێک لە سەرجاوە باوەڕپێکراوەکان باسیان لە گرنگیپێدانی مان سیتی کرد بە یاریزانە فەڕەنسیەکە، ئەوە بەتایبەت کە سیتی لە دۆخی قەیرانی پێکان و ئەنجامدایە و گواستنەوەی پۆگبا بە چارەسەرێکی کتوپڕ و خێرا دەزانن بەتایبەت بۆ هێڵی ناوەند دوای پێکانە درێژخایەنەکەی رۆدری.
بەڵام رۆژنامەی میرەری ئینگلیزی ئەو زانیارانەشی رەتکردووەتەوە و نووسیویەتی کە مانچێستەر سیتی ئەو یاریزانەیان ناوێت و گرێبەستی لەگەڵ ناکەن.
هەر بەپێی وردەکاریی زانیارییەکانی میرەر، رابردووی ئەو یاریزانە بە مانچێستەر یونایتدە و هەروەها ئەو راستیەی کە ناوبراو پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ خۆگونجاندنەوە دوای سزای راگیرانەکەی، لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەن کاریگەرن لەسەر سیتی لە نەگواستنەوەی پۆڵ.
جگە لە مان سیتی، یانەی فوڵهامیش لەنێو ئەو دەنگۆیانەن کە وێستگەی داهاتووی یاریزانە 31 ساڵانەکەی پێوەدەبەسترێتەوە.