یاریگا –
مارکۆ فەرەج لە نەرویج بە باشترین یاریزانی لاوی یانەکەی هەڵبژێردرا و کاساس دەیەوێت بۆ جامی کەنداو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقی بکات.
مارکۆ فەرەج (20 ساڵان) بە باشترین یاریزانی لاوی یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەرویجی هەڵبژێردرا، لە دوایین یاریی یانەکەی لە گەڕی کۆتایی خولی نایابی نەرویج خەڵاتکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیاریداوە بۆ جامی کەنداوی عەرەبی بانگهێشتی مارکۆ فەرەج بکات، کە پێشتر لە دوو یاریی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی بانگهێشتی ئەو یاریزانە لاوەی کردبوو، بەڵام بەشداریی هیچ یارییەکی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقی نەکردووە.
لەبەر ئەوەی خولی نایابی نەرویج کۆتایی هات، ئەو یاریزانە کوردە دەتوانێت بەشداریی جامی کەنداو بکات، کە کۆتایی ئەم مانگە لە کوێت بەڕێوە دەچێت.
مارکۆ فەرەج کێیە؟
مارکۆ لاوک فەرەج لە 16ـی مارس/ئاداری 2004 لە گریمشتادت لە نەرویج لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووە و بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانین، لە ریزی یانەی یێرڤی نەرویجی دەستی بە یاریی کردووە و چوار ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەوریجی کرد کە لە خولی نایابی نەرویجی یاریی دەکات، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە نەرویجییەکە هەیە، ئەو کوڕە کوردە لە باڵەکان و ناوەڕاست یاریی دەکات.
مارکۆ ساڵی رابردوو لەگەڵ دایک و باوکی بۆ تەواوکردنی بەڵگەنامە یاساییەکانی بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زمانی کوردی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت.