تایبەت بە یاریگا؛ سەری ساڵ هێرشبەرێکی هەڵبژاردەی عێراق پەیوەندی بە یانەی زاخۆ دەکات
یاریگا –
زاخۆ لەگەڵ ئەحمەد یاسین گەیشتە رێککەوتن، هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی عێراق سەری ساڵ پەیوەندی بە یانەکە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەحمەد یاسین هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ئۆرێبرۆی سویدی گەیشتووەتە رێککەوتن، سەرەتای ساڵی نوێ پەیوەندی بە ریزەکانی زاخۆ دەکات و لەگەڵ ئەو یانەیە دەست بە مەشق و راهێنان دەکات.
ئەحمەد یاسین (33 ساڵان) هاوینی رابردوو لە یانەی خلودی سعوودییەوە روویکردە ریزەکانی ئۆرێبرۆی سویدی و ئە مانگە لەلایەن خیسوس کاساسەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرایەوە و لە یاریی بەرامبەر عومان کاپتنی شێرەکانی رافیدەین بوو، کە لە یارییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەیان بەدەستهێنا.
کوڕە کوردەکەی خولی سویدی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی 61 یاری و 6 گۆڵ و 8 ئەسیستە، کە دەتوانێت وەکو یاریزانی باڵی راست و چەپ و هێرشبەری سەرەڕم و یاریساز یاریی بکات.
ئەحمەد یاسین بە درێسی خلود لە خولی پلەیەکی سعوودی لە 35 یاری 8 گۆڵ و 4 ئەسیستی کرد، پێشتر درێسی یانەی خۆری قەتەڕیشی پۆشیوە و لە خولی ئەستێرەکانی قەتەڕ یاریی کردووە، کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو هێرشبەرە کوردە 325 هەزار یۆرۆیە.