یاریگا –
پێکانەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر بووە هۆی قورس کردنی ئەرکی کارلۆ ئانجێلۆتی و وایکرد گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا بکات بۆ یارییە گرنگەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول.
سەرەڕای ئەم سەختییانە، راهێنەرە ئیتاڵیەکە چەندین بژاردەی تاکتیکی لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و دڵنیابێت لەوەی هێڵی هێرشبەری تیپەکە بەهێز دەمێنێتەوە.
یەکەم بژاردە ئێندریکە. هەرچەندە ئەگەری کەمترە، بەڵام یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە ئێندریک شانبەشانی کیلیان ئێمباپێ یاریی بکات. یاریزانە لاوە بەڕازیلیەکە لەم وەرزەدا نەیتوانیوە خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا جێگیر بکات، تەنیا لە یەک یاری چامپیۆنزلیگدا وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری کردووە.
لە کاتێکدا هێرشبەرە گەنجەکە ئەوەی لە توانای بێت پێشکەشی دەکات، بەڵام کەمی ئەزموون وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی مەترسیدار بۆ رووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکەی پرێمەرلیگ.
بەڵام ئەگەر ئانچیلۆتی هەنگاوێکی بوێرانە بنێت، ئەمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەو لاوە تاوەکوو بەهرەکەی لەسەر شانۆیەکی گەورە پیشان بدات.
دووەم بژاردە براهیم دیازە. دیاز وەک جێی متمانەترین بژاردە بۆ ئاچێلۆتی دەردەکەوێت، بەتایبەتی کە رۆدریگۆ بۆ ئەم یارییە ئامادە نییە.
یاریزانە پێشووەکەی ئەی سی میلان ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە، بەم دواییە لە دوو یاریدا بۆ هەڵبژاردەی مەغریب لە کاتی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا پێنج گۆڵی کردووە. هەرچەندە لە یارییەکەی بەرامبەر لیگانێس بەهۆی بەشداری کردنی لە یارییە نێودەوڵەتییەکانیەوە پشووی پێدرا، بەڵام ئاستی ئێستای برایم وای لێدەکات ببێتە کاندیدێکی باش بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێدز.
لەم سیناریۆیەدا ئانچێلۆتی دەتوانێت پێکهاتەیەکی 4-4-2 جێگیر بکات، کە چوار یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی وەک ئیدواردۆ کاماڤینگا و جود بێلینگهام و لۆکا مۆدریچ و یان دانی سیبایۆس یان ئاردا گولەر دابنێت. بەڵام ئەمە وەک چارەسەرێکی بەرگریکارانەتر دەمێنێتەوە.
پێکهاتەیەکی تریش هەیە کە دەتوانێت مستەر کارلۆتۆ دایبنێت 4-3-3 کە هەردوو براهیم دیاز و ئاردا گولەر یاریی بکەن. لەم پێکهاتەیەدا برایم باڵی راست و ئێمباپێ لە باڵی چەپ یاریی دەکەن و جود بێلینگهامیش دەتوانێت رۆڵی نۆی بگرێتە ئەستۆ.
بێلینگهام وەرزی رابردوو لە پێگەیەکی هاوشێوەدا ئاستی باشی پێشکەش کرد، ئەمەش وادەکات ببێتە بژاردەیەکی جێی متمانە بۆ یارییەکەی لیڤەرپوول.
ئەم پێکهاتە تێکەڵەیەکی هاوسەنگ لە هێرشکردندا دابین دەکات. توانا تەکنیکییەکانی گولەر و راستەوخۆیی براهیم دەتوانێت بەرگری لیڤەرپوول درێژ بکاتەوە، لە کاتێکدا هەمەلایەنەی بێلینگهام دەتوانێت هەر هەلێک لە بۆشایی لە هێڵی دواوەی رکابەرەکاندا بقۆزێتەوە.
لە کاتێکدا نەبوونی ڤینیسیۆس جونیۆر بۆشاییەکی بەرچاوە لە پێکهاتەی تیمەکەدا، بەڵام ریال مەدرید کوالیتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ لیڤەرپوڵدا بگونجێنێت و رکابەرییەکی بەهێز بکات.