ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ڤینیسیۆس کەوتووەتە نێو گێژاو و چارەنووسی لەگەڵ ریال مەدرید شێواوە

گووتارێکی پڕ زانیاری رۆژنامەی مارکا لەسەر چارەنووسی ڤینی لە مەدرید و جیدییەتی سعوودیە

Yariga App

یاریگا و مارکا

دۆخی ڤینیسیۆس جونیۆر لە ریال مەدرید هەڵپەسێردراوە و تاوەکو ئێستا، نازاندرێت داهاتوو چی لە هەگبە ناوە.

خۆسێ فێلیکس دیاز، گوتارێکی لە رۆژنامەی مارکا نووسیوە و سەرنجی لەسەر دۆخی ئێستا و بژاردەکانی داهاتووی ڤینیسیۆس داناوە.

لەدەستدانی خەڵات باڵۆن دۆر، هەموو هاوکێشەیەکی لە مەدرید گۆڕیوە و ئێستا بژاردەی پەیوەندیکردن بە یانەیەکی سعوودی، بووەتە بژاردەیەکی بەهێز.

ڤینیسیۆس هەفتەیەکی قورسی بەڕێکردووە، دۆڕانی یاریی کلاسیکۆ بە ئەنجامێکی گەورە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دواتر شکستهێنان لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لە بەرژەوەندی رۆدری، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی.

ئەم دوو رووداوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی ڤینسیۆس دروستکردووە، هەرچەندە ڤینی دووپاتیکردووەتەوە، بە هەموو شێوەیەک دەجەنگێت، تاوەکو لە داهاتوودا ئامانجەکان بەدیبێنێت.

ڤینیسیۆس خۆی لە گێژاوێکدا دۆزیوەتەوە و دەرچوون لێی ئاسان نییە، لەدەستدانی باڵۆن دۆر، کاریگەری نەک تەنیا لەسەر ڤینی، بەڵکو لەسەر تەواوی یانەکە دروستکردووە.

گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە یەک ملیار یۆرۆ. سەرەڕای بەرزی بەهاکە، بەڵام سعوودیە ئامادەیە ریکۆردی مێژوویی بۆ گواستنەوەی ڤینی خەرج بکات.

ڤینیسیۆس لەوانەیە بەبەهاترین کەرەستەی وەرزشی ئێستای بێت، بەڵام لە مەدرید فەلسەفەیەکی جیاواز هەیە، ئەو یاریزانەی بیەوێت یانەکە جێبهێڵێت، رێگای بۆ خۆش دەکرێت، ڤینیسیۆسیش ئەم فەلسەفەیە باش دەزانێت.

زیادبوونی گومانەکان

فێلیکس دیاز لە گووتارەکەیدا زانیاری نوێی لەسەر ڤینیسیۆس نووسیوە؛ لە ماوەی رابردوودا، گفتوگۆی جیدی لە نێوان ڤینیسیۆس و بەرپرسێکی باڵای ریال مەدرید کراوە. ڤینیسیۆس لە کۆبوونەوەکدا باسی لە بابەتەکانی وەرزشی و دارایی کردووە. هەرچەندە کۆبوونەوەکە بەر لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆر بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستا کاردانەوەی لە نێو یانەکە دروست نەکردووە، بەڵام بەهۆی دەنگدانەوەی گەورەی لە نێو یانەکە، لەوانەیە کاریگەری لەسەر یانەکە دروستبکات و لە کۆتاییدا ریال مەدرید باجەکەی بدات.

ریال مەدرید چیدیکە بڕوای بە خەڵاتی باڵۆن دۆر نەماوە، ئێستا هەماهەنگییەکانی لەگەڵ یوێفا زۆر سنووردارە و لە رێکخستنی یارییەکان و بابەتی هاوشێوە تێناپەڕێت.

پاریس سانجێرمان و چێڵسی ئامادەییان بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ڤینی دەربڕیوە، بەڵام سعوودیە بە داراییەکی بەهێز، ئامادەیە تەواوی مەرجەکان جێبەجێ بکات.

پارە، پارە و پارەی زیاتر

هیچ یانەیەک لەسەر ئاستی ئەوروپا ناگاتە ئاستی بەبازاڕکردنی ریال مەدرید و هیچ یانەیەکیش ناگاتە دەوڵەمەندی چەند یانەیەکی خولی رۆشنی سعوودیە. رۆژنامەی مارکا پێشتر رایگەیاندبوو، یانەی هیلال یەکێکە لە گرنگیپێدەرە سەرەکییەکان بە ڤینیسیۆس و جیا لەمەش، هیلال دەیەوێت کێڤن دی بڕۆین و محەمەد سەڵاحیش بگوازێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button