یاریگا –
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی، فابریزیۆ رۆمانۆ، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی باسی لە چەند بابەتێک کردووە، هاوکات لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە دوای وازهێنانی لە یاریی کردن نایەوێت پیشەی راهێنەرایەتی تاقی بکاتەوە.
هەرچەندە لە دەرەوە وا دیارە ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا زۆر بە ئاسانی خۆی لەگەڵ خولی ئەمریکی گونجاندووە، بەڵام ئەفسانەی ئەرجەنتینی ئاشکرای کرد کە ناچار بوو لە نوێوە خۆی بنیات بنێتەوە بۆ ئەوەی لەم خولەدا یاری بکات. مێسی لە ریزبەندی دووەمی باشترین یاریزانی MLSدایە و توانیویەتی ئامارێکی سەرنجڕاکێش 20 گۆڵ و 10 ئەسیست لە 19 یاریدا تۆمار بکات. سەرەڕای هاتنی مێسیش، ئینتەر میامی ئامارەکانی بەرەو باشتر گۆڕاون.
Will Leo Messi play at World Cup 2026? 🏆✨ @433 @AppleTv
↪️ https://t.co/XOJ7Rluk8X pic.twitter.com/XjCUlvbOE4
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) November 1, 2024
سەبارەت بەم بابەتە مێسی بە فابریزیۆ رۆمانۆ دەڵێت:
بەهۆی هەڵکشانی تەمەن، ناچاربووم شێوازی یارییکردنم بگۆڕم، تاوەکو خۆم لەگەڵ خولی ئەمریکی بگونجێنم، دەستم کرد بە دووبارە بنیاتنانەوەی خۆم بۆ ئەوەی بتوانم لە ئەمریکا یاریی بکەم.
سەبارەت بە پرسی بەشداری کردنی لە مۆندیالی 2026دا گوتی:
“بەڕاستی نازانم لە مۆندیالی 2026 یاری دەکەم یان نا، لە ئەرجەنتین خەڵکێکی زۆر ئەم پرسیارە دەکەن، هیوادارم وەرزەکە بە باشی کۆتایی پێبهێنم و دواتر خۆم بۆ یارییەکانی پێش 2026 ئامادە بکەم. وەرزەکە دیاری دەکات کە ئایا ئامادەم بۆ یاریکردن لە مۆندیال یان نا”.
سەبارەت بە پلانی لە دوای وازهێنانی لە یاریی کردن گوتی:
“تاوەکو ئێستا نازانم لە داهاتوودا چی دەکەم، بەڵام پێم وانییە ببمە راهێنەر. من زۆر زیاتر لە پێشوو بەها بە هەموو ئەو کارانە دەدەم کە رۆژانە ئەنجامی دەدەم، ئێستا تەنیا بیر لە یاریکردن و راهێنان و خۆشی دەکەمەوە.
مێسی زۆر دڵخۆشە بە ژیانی وەرزشی خۆی و سەبارەت بە دەستکەوتەکانی لە تۆپی پێدا گوتی:
با خەڵک بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت بیرم لێبکەنەوە، من زۆر سوپاسگوزارم بۆ ژیانی وەرزشی خۆم، بە سوپاسەوە هەر شتێکم ویستبێت بەدەستم هێناوە، گەورەترین خەونم بردنەوەی پاڵەوانێتی جیهانی بوو، بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵم بۆیدا. زۆر بەختەوەر بووم کە هەموو شتێکم لەگەڵ بارسێلۆنا بردەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش و ژیان و خێزانێکی جوانم هەبوو، سوپاسگوزاری خودام بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێێ بەخشیوم.