یاریگا –
دوای شکستهێنانی لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ڤینیسیۆس جونیۆر دووپاتیدەکاتەوە، لە شەڕکردن لەپێناو نەهێشتنی رەگەزپەرستی بەردەوام دەبێت.
ڤینیسیۆس جونیۆر لە دوا کاتژمێرەکانی بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمی باڵۆن دۆر، پێی راگەیێندرا کە خەڵاتەکە ناباتەوە و رۆدری، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.
لە دوای ئاشکراکردنی براوەی خەڵاتەکە، ڤینیسیۆس لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی
ئەگەر پێویست بکات، 10 جاری دیکە دەیکەم، بەڵام ئەوان ئامادەنین.
ریال مەدرید بە تەواوی رێوڕەسمەکەی بایکۆت کرد و هیچ ئەندامێکییان لە رێوڕەسمەکە ئامادەنەبوون، ئەمەش تووڕەیی یانەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری کەسانی نزیک لە ڤینیسیۆس بڵاویکردووەتەوە
ڤینیسیۆس پێی وایە بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی، نەیتوانیوە ببێتە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر. تۆپی پێ ئامادەنییە یاریزانێک قبووڵ بکات، کە لە دژی سیستمی ئەوان بجەنگێت.
ریال مەدرید خەڵاتی باشترین یانەی جیهان و کارلۆ ئانچێلۆتیش خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهانیان بردەوە، ئەمەش دوای بەڕێکردنی وەرزێکی نائاسایی و بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ.
رێکخەرانی فرانس فووتبۆڵ ئامادەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی رۆیتەرز نەبوون. لەلایەکی دیکەوە، چەندین یاریزان و هاوتیمی ڤینیسیۆس پەیامی پاڵپشتییان بۆ ڤینی نارد، لەوانە ئێدواردۆ کاماڤینگا
براکەم، تۆ باشترینی جیهانی و بەدەست نەهێنانی خەڵاتەکان ئەمە ناشارێتەوە. خۆشم دەوێیت براکەم.
ڤینیسیۆس رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەی لالیگا و چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردووی ریال مەدریددا گێڕا، هاوشانی جود بێڵینگهام، کە 19 گۆڵی لە وەرزەکدا کرد و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024.