ئەو ئەستێرانەی هەرگیز نەیانتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنن
67 ساڵە خەڵایتی باڵۆن دۆر لەلایەن گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ دابەش دەکرێت
یاریگا –
چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێ سەرەڕای ئەوەی لە باشترینەکانی مێژووی تۆپی پێن، کەچی نەیانتوانیوە هەرگیز خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنن، کە لەوەتەی ساڵی 1956 بە باشترین یاریزانەکانی جیهانی دەبەخشرێت.
لە سەرەتای دروستبوونی خەڵاتی باڵۆن دۆر تەنیا بە یاریزانەکانی ئەوروپا دەدرا، بەڵام دواتر گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ یاساکانی خەڵاتەکەی گۆڕی و لە سەرانسەری جیهان هەموو یاریزانێک دەتوانێت خەڵاتەکە بباتەوە.
تێری هێنری
گەرچی ساڵی 2003 لە خەڵاتی باڵۆن دۆر پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەردەمی زینەدین زیدان و رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیما یاریی دەکرد، هەرگیز نەیتوانی تۆپە زێڕینەکە بباتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئارسیناڵ و بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی هەموو شتێکی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، ساڵانی 2003 و 2004 و 2005 چانسی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی زۆر بوو.
ئاندرێس ئینیێستا
لەگەڵ بارسێلۆنا و ئیسپانیا هەموو شتێکی بردەوە، تەنانەت ساڵی 2010 هۆکاری سەرەکی بەدەستهێنانی جامی جیهانی بوو، کەچی نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.
ساڵانی 2010 و 2011 و 2012 لە ترۆپکی ئاستیدا بوو، لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە لوتکەدابوون، بەڵام ئینیێستا نەیتوانی مێسی ببەزێنێت و وەکو یەکێک لەو ئەستێرانەی شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بوون و نەیانتوانی بەدەستی بهێنن، لە هزری هەمووان دەمێنێتەوە.
چاڤی هێرناندێز
یەکێکی دیکەیە لەو ئەستێرە دیارانەی ساڵانێک بوو شایستەی خەڵاتی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەردەمی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی دەکرد، نەیتوانی نازناوەکە بباتەوە.
ساڵانی 2009 و 2010 و 2011 چاڤی ئەندازیاری سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیا بوو، لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی هەموو شتێکی بردەوە، بەڵام نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
ستیڤن جیرارد
لەگەڵ لیڤەرپوول نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی خەڵاتی تۆپی زێڕین بباتەوە، جیرارد لە ساڵانی 2005 و 2009 چانسی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری هەبوو، بەڵام هەرگیز نەیتوانی دەست لە تۆپە زێڕینەکە بدات.
جیرارد یەکێکە لەو ئەستێرە ئینگلیزانەی گەیشتە ترۆپکی ئاستی، بەبێ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، کە یەکێک بوو لەو ئەستێرانەی خۆی کردە قوربانی یانەکەی و تاوەکو ساڵانی کۆتایی کاروانی وەرزشی خۆی ئامادە نەبوو رێدز بەجێبهێڵێت، لەکاتێکدا چەند جارێک ریال مەدرید هەوڵی دا بیباتە ریزەکانی.
فڕانچیسکۆ تۆتی
لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو رۆما بەجێبهێڵێت، هەرگیز نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، لەکاتێکدا ساڵی 2000 چانسی زۆر بوو، چونکە لەگەڵ ئیتاڵیا ئاستێکی بەرزیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا پێشکەش کرد و پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
تۆتی وەرزی 2000/2001 لەگەڵ رۆما نازناوی سێریا ئەی بردەوە و ساڵی 2007 خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی بەدەستهێنا، کەچی نەیتوانی باڵۆن دۆر بباتەوە.
فڕانک ریبێری
لەوانەیە یەکێک لە زوڵملێکراوترین یاریزانەکانی تۆپی پێ بێت، ساڵی 2013 لەگەڵ بایرن میونشن هەموو شتێکی بەدەستهێنا، کەچی ئەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییە خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەست نەهێنا و خەڵاتەکە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەخشرا.
ریبێری چەند جارێک باسی باڵۆن دۆری 2013ـی کردووە و هەمیشە بڕوای وایە لەو ساڵە زوڵمی لێکراوە، کە لەگەڵ بایرن بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و هەر شەش نازناوی وەرزەکەی بردەوە و ئەستێرەی یەکەمی یانەکەی بوو، کەچی تۆپە زێڕینەکەی پێنەدرا.
نێیمار داسیلڤا
لە ساڵانی 2015 و 2017 نزیکبوو خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ریزەکانی بارسێلۆنای بەجێهێشت ساڵ لەدوای ساڵ لە تۆپە زێڕینەکە زیاتر دوورکەوتەوە.
نێیمار دوای بەجێهێشتنی ریزەکانی بارسێلۆنا و چوونی بۆ پاریس سانجێرمان و دواتر بۆ هیلال، لە بەربژێربوونی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دوورکەوتەوە، لەکاتێکدا ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە بەربژێر بوو لەدوای مێسی و کریستیانۆ خەڵاتەکە بباتەوە و لەدوای ریکاردۆ کاکا لەوەتەی ساڵی 2007 ببێتە یەکەم یاریزانی بەڕازیلی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنێت.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
لەوانەیە گەورەترین نادادپەروەری لە مێژووی خەڵاتی باڵۆن دۆر ساڵی 2020 کرابێت، کاتێک گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ بڕیاریدا بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵاتی باڵۆن دۆر لەو ساڵە نەدات، لەکاتێکدا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ بایرن میونشن هەموو شتێکی بەدەستهێنا و ئەگەر خەڵاتەکە درابا، هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بەدەستی دەهێنا.
لیڤاندۆڤسکی جگە لە ساڵی 2020 ساڵی دواتریش بەربژێر بوو بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام گەرچی زەڵاتی زەبێستی بەدەستهێنا، کەچی نەیتوانی تۆپە زێڕینەکە بباتەوە.
جیانلویجی بوفۆن
تەنیا لەبەر ئەوەی گۆڵپارێزە، جیانلویجی بوفۆن هەرگیز نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە ساڵانی 2003 و 2006 نزیکبوو خەڵاتەکە بباتەوە، بەڵام نەیتوانی دەستکەوتی لیڤ یاشین گۆڵپارێزی رووسی دووبارە بکاتەوە و باڵۆن دۆر بەدەست بهێنێت، کە ساڵی 1963 گۆڵپارێزە رووسییەکە باڵۆن دۆری بردووەتەوە.
بوفۆن لەگەڵ یوڤێنتۆس و ئیتاڵیاس هەموو شتێکی بەدەستهێنا و لە ترۆپکی ئاستیدا بوو، کەچی نەیتوانی خەڵاتی تۆپی زێڕین بەدەست بهێنێت.
رۆماریۆ
گەرچی هیچی لە ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێێ بەڕازیل کەمتر نەبوو، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، لەگەڵ هەڵبژاردە و یانەکانی گەیشتە ترۆپکی ئاستی، بەبێ ئەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی پێبدرێت.
ساڵی 1993 و 1994 و 2000 لەگەڵ ئایندهۆڤن و بارسێلۆنا و بەڕازیل لە باشترین ئاستیدا بوو، بەڵام رۆماریۆ نەیتوانی بەهۆی بەشێک لە یاساکانی ئەوکاتی فڕانس فوتبۆڵ خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.