یوێفا بەهۆی ‘هەڵەیەکەوە’ دوو ناوبژیوانی پۆڵەندی سزا دەدات
یاریگا –
بارتۆس فرانکۆڤسکی و تۆماس موزیال لە لایەن یوێفاوە رووبەڕووی سزایەکی قورس و درێژخایەن بونەوە.
چەند کاتژمێرێک پێش یارییە چارەنووسسازەکەی نێوان رێنجەرز و داینامۆ کیڤ لە پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ، رووداوێکی سەیر روویدا و ئەو دوو ناوبژیوانە کە بڕیار بوو یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤار بن لەم یارییەدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ناوچەکە ئەم دوو کەسەی دەستگیرکردبوو، یوێفا ناچاربوو زۆر بەخێرایی کاردانەوەی هەبێت و ئەم دوو ناوبژیوانە بگۆڕێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تۆماس کویاتکۆڤسکی و پاوێل مالێس لە ژووری یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤاردا بانگهێشت کران.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە:
“کاتژمێر 01:40 سەرلەبەیانی هەواڵمان پێگەیشت کە سێ کەس هێرش دەکەنە سەر هێمایەکی هاتوچۆ”. دەستبەجێ ئەفسەرانی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و هەر سێ کەسەکە بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە تێیدا بوون دەستگیرکران.
پێش ئەمەش فرانکۆڤسکی ئەزموونی ناوبژیوانی لە یارییە ئەوروپیەکانی وەک پاڵەوانێتیەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2020 و 2024ی هەبووە، بەڵام ئێستا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاند کە مافی ناوبژیوانی هیچ یارییەکیان نییە تا 30ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، ئەمەش سزایەکی درێژخایەن و کاردانەوەیەکی جددی لە یوێفاوەیە بۆ ئەوەی رووداوێکی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.