ئیسپانیائینگلتەراراپۆرتی تایبەتکێ باشترینە؟گرنگترین

ڤینیسیۆس جونیۆر یان رۆدری؛ کامیان شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە؟

بەراوردی ئامار و دەستکەوت و بۆچوونی لایەنگرەکانیان

Yariga App

یاریگا –

رۆدری و ڤینیسیۆس جونیۆر سەرەکیترین بەربژێرن بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەدەست بهێنن. کە 30 یاریزان بەربژێرن بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە پاریس تۆپە زێڕینەکە بەرز بکەنەوە.

پێنج رۆژی دیکە لە پاریس رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری 2024 بەڕێوە دەچێت، کە ساڵانە گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ دابەشی دەکات و ئەمساڵ بۆیەکەمجار بە هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا خەڵاتەکە دابەش دەکات.

رۆدری یان ڤینیسیوس جونیۆر، دەستکەوتەکانی کامیان باشترە؟

ڤینیسیۆس جونیۆر وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا، بە باشترین یاریزانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو هەڵبژێردرا، بەڵام لە کۆپا ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە ئاستی خۆیدا نەبوو.

رۆدری وەرزی رابردوو لەگەڵ مانچێستەر سیتی نازناوی پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بردەوە و بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش هەڵبژێردرا.

لایەنگرەکانیان بۆچوونی جیاوازیان هەیە

یاریزانە ئیسپانییەکان بەهۆی بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا پشتگیری رۆدری ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەکەن، یاریزانە بەڕازیلییەکانیش پشتگیری ڤینیسیۆس جونیۆر دەکەن و بڕوایان وایە ڤینی شایستەی تۆپە زێڕینەکەیە.

هەریەکە لە تێری هێنری، پیپ گواردیۆلا، سێرخیۆ بۆسکێتس، خۆسێلۆ، کوبارسی، کالڤین فیلیپس، ئێریک گارسیا و خۆسیێ بۆردالاس بڕوایان وایە رۆدری شایستەی ئەوەیە باڵۆن دۆری 2024 بباتەوە، چونکە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە و بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش دەستنیشانکراوە.

لە بەرامبەردا، هەریەکە لە نێیمار داسیلڤا، کارلۆ ئەنچیلۆتی، لویز ئێنریکی، ریڤاڵدۆ، کەریم بێنزێما، لوکا مۆدریچ، لۆتەر ماتیۆس و ریۆ فێردیناند بڕوایان وایە ڤینیسیۆس شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە، کە وەرزی رابردوو نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنا.

مێسی و سکالۆنی و ئەرجەنتینییەکان دەڵێن: ئەی لاوتارۆ مارتینێز؟

جیاواز لە ئیسپانی و بەڕازیلییەکان، ئەرجەنتینییەکان بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و بڕوایان وایە لاوتارۆ مارتینێز هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی شایستەی ئەوەیە باڵۆن دۆری ئەمساڵ بباتەوە.

لیۆنێل سکالۆنی و لیۆنێل مێسی و زۆربەی کەسایەتییە وەرزشییەکان و یاریزانەکانی ئەرجەنتین کۆکن لەسەر ئەوەی لاوتارۆ مارتینێز شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە، چونکە هێرشبەرەکەی تانگۆ لەمساڵدا نازناوی کۆپا ئەمریکای لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا و لەگەڵ ئینتەر میلانیش نازناوی سێریا ئەی بردەوە.

لاوتارۆ جگە لەوەی ئەمساڵ لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی نازناوی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی تاکە کەسیش خەڵاتی گۆڵکاری وەرزی رابردووی سێریا ئەی و کۆپا ئەمریکای بردەوە، بەڵام چانسی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ زۆر نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button