ئارسیناڵ کێبڕکێی گواستنەوەی گۆڵکارێک دەباتەوە
مەکینەی گۆڵ لە گەنەرز نزیکە
یاریگا –
ئارسیناڵی لەندەنی لە گواستنەوەی گۆڵکارێکی ئەوروپا نزیک دەبێتەوە.
ماڵپەڕی Fichajes بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ خەریکە کێبڕکێی گواستنەوەی ڤیکتۆر گیۆکیریسی سویدی دەباتەوە و تاوەکو ئێستا نزیکترین یانەیە لە گواستنەوەی یاریزانەکە.
گیۆکیریس هێرشبەری سپۆرتینگی پۆرتوگالییە، لە وەرزی رابردوو تاوەکو ئێستا 55 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە و 19 گۆڵیشی دروستکردووە.
هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵانییەکە لە هەموو روویەک هێرشبەرێکی تەواوە، توانای جەستەیی بەهێزە، خێرایە و توانای گۆڵکردنی بەرزە، هەر بۆیە بووەتە جێگای سەرنجی گەورەکانی ئەوروپا.
یاریزانەکە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ سپۆرتینگ هەیە، بەڵام گرفتی سەرەکی گەنەرز نرخە زۆرەکەیەتی، کە بەهای یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان 70 ملیۆن یۆرۆیە و سپۆرتینگیش ئامادە نییە بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت.
بەڵام ئارسیناڵ زیاتر لەهەر یانەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ پێویستی بە هێرشبەرێکی سەرەڕمە، بۆیە یانەکە لاری نییە ئەو بڕە پارە زۆرە لەپێناو گۆڵکارە سویدییەکە خەرج بکات.
گیۆکیریس پێشتر لە ئینگڵتەڕا یاریی بۆ یانەکانی بڕایتن لە پرێمەرلیگ، سوانزی سیتی و کۆڤێنتری سیتی لە چامپیۆنشیپ کردووە.
بەڵام لەگەڵ بڕایتن ئەزموونێکی تاڵی هەیە، لەکۆی چوار وەرز بەشداری تەنیا هەشت یاریی یانەکەی کردووە، خاوەنی گۆڵێک و ئەسیستێکە، بۆیە گەڕانەوەی بۆ پرێمەرلیگ و خۆ گونجاندنی لەگەڵ کەشی خولەکە ئاسان نابێت.