عێراقگرنگترین

هێلیۆ مۆنتێرۆ لە یەکەم ئەڵقەی بەرنامەی سیمای کوردستان جلی کوردی تاقیکردەوە و باشترین یاریزانی عێراقی دیاریکرد

دەڵێت: دۆڵمە و بریانی خۆشترین خواردنی کوردەوارین

Yariga App

یاریگا –

هێلیۆ مۆنتێرۆ لە یەکەم ئەڵقەی بەرنامەی سیمای کوردستان لە تۆڕی وەرزشی یاریگا، باسی لایفستایلی خۆی لە کوردستان و عێراق کرد، جلوبەرگی کوردی و خواردنی کوردی تاقیکردەوە.

لە زنجیرە بەرنامەیەکی نوێدا کە سیما شەفیع پێشکەشی دەکات و یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەکانی کوردستان و عێراق باسی ژیانی خۆیان دەکەن و زیاتر بە کلتوری کوردی ئاشنا دەکرێن، هێلیۆ مۆنتێرۆ بەرگریکاری بەڕازیلی یانەی هەولێر لە یەکەم ئەڵقەدا میوانی سیمای کوردستان بوو، لە دەرەوەی لاکێشەی سەوز ئەزموونی خۆی لە کوردستان گێڕایەوە.

هێلیۆ مۆنتێرۆ کە ساڵی 1990 لە بەڕازیل لەدایکبووە، لە سیمای کوردستان ئاشکرایکرد، لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی سێ ساڵ لە پاڵ نێیمار داسیلڤا ئەستێرەی بەڕازیلی یاریی کردووە و لەدژیشی یاریی کردووە، عەلی جاسم و یوسفن ئەمین و ئیبراهیم بایشی بە باشترین یاریزانی ئێستای عێراق هەژمارکرد.

هێلیۆ لە بەشێکی بەرنامەکە جلوبەرگی کوردی لە یەکێک لە بەرگدوورەکانی هەولێر تاقیکردەوە و چەند وێنەیەکی بە جلوبەرگەکە کرد و گوتی ‘هەست دەکەم کلتوری کوردستان و بەڕازیل زۆر لە یەکترییەوە نزیکن’. لە بەشێکی دیکەش لە یەکێک لە چێشتخانە میللییەکانی هەولێر خواردنی کەبابی تام کرد و گوتی ‘دۆڵمە و بریانی لەنێو خواردنە کوردەوارییەکان خواردنی دڵخوازی منن’.

بەرگریکارە پیشەگەرەکەی هەولێر ستایشی دەستەی کارگێڕی کاتی یانەی هەولێری کرد و گوتی :’دەستەی کارگێڕی نوێی هەولێر کاتێک دەستبەکاربوون پێیان گوتین ئێمە هاتووین هەموومان ببینە یەک خێزان و ئەو بەڵێنانەیان بردە سەر کە پێیان دابووین’.

بەرگریکارەکەی پێشووی زاخۆ و تەڵەبە لەبارەی هاتنی بۆ کوردستان دەڵێت :’پێش ئەوەی بێمە کوردستان هیچم لەبارەی کوردستانەوە نەدەزانی، بۆیە کاتێک بریکارەکەم پێی گوتم ئۆفەرم لە عێراق بۆ هاتووە هاوژینەکەم ترسا و واماندەزانی لێرە شەڕە و دۆخەکە نائارامە، بەڵام کە هاتمە ئێرە بۆم دەرکەوت کوردستان تەواو لە عێراق جیاوازە، کوردستان وڵاتێکی دیکەیە، کاتێک لە تەڵەبە یاریم دەکرد لە بەغدا زۆر ناخۆش بوو، شارێکی زۆر قەرەباڵخ بوو لە رووی هاتوچۆوە زۆر ناخۆش بوو’.

هێلیۆ مۆنتێرۆ دەڵێت :’خەونی گەورەم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەڕازیل بکرێم و یارییەک بەرامبەر ئەرجەنتین بکەین’.

هێلیۆ مۆنتێرۆ 28ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 1990 لە بەڕازیل لەدایکبووە، لە عێراق یاریی بۆ یانەکانی زاخۆ و تەڵەبە و هەولێر کردووە، پێش ئەوەی بێتە خولی عێراق لە خولەکانی لاتڤیا و رۆمانیاش یاریی کردووە، یاریی بۆ یانەکانی گوارانی و کاپیڤاریانۆ و بۆوای بەڕازیلی کردووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button