ئه‌ڵمانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید بە نهێنی کار لەسەر گرێبەستی فلۆریان ڤیرتز دەکات

"شوێنگرەوەی لوکا مۆدریچ"

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بە نهێنی کار لەسەر گرێبەستی فلۆریان ڤیرتزی ئەڵمانی دەکات.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، بە سەرپەرشتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ریال مەدرید بەشێوەیەکی نهێنی هەوڵەکانی بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ فلۆریان ڤیرتزی ئەڵمانی دەستپێکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، جونی کالافاتی یاریزان دۆزەرەوەی یانەکە و خۆزێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوبەری جێبەجێکار، وەک نوێنەری ریال مەدرید لەگەڵ بریکاری کارەکانی ئەستێرە ئەڵمانییەکە لە گفتوگۆدان و هەوڵەکانیان بۆ یەکلایی کردنەوەی گرێبەستەکە چڕکردووەتەوە.

فلۆریان لەگەڵ لیڤەرکوزن

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، لەوکاتەوەی فلۆریان تەمەنی 17 ساڵ بووە، یانە ئیسپانییەکە بە وردی چاودێری ئاستی کردووە، هەر بۆیە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بە کاری لەپێشینە دادەنێن.

لوکا مۆدریچی کڕواتی لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، هەرچەندە ئارەزوو دەکات وەرزێکی دیکەش بمێنێتەوە، بەڵام لە باشترین حاڵەت رەنگە تەنیا یەک وەرزی دیکە لە یانەکە بمێنێتەوە و بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.

هەر بۆیە مێرێنگی فلۆریانی تەمەن 21 ساڵ بە باشترین شوێنگرەوەی لوکا مۆدریچ دادەنێت، لەو بڕوایەدایە بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی لوکا بکاتەوە.

بەڵام مەدریدییەکان بێ رکابەر نین و مانچێستەر سیتی رکابەرێکی سەرەکییان دەبێت، چونکە کێڤن دی بروین دوایین رۆژەکانی خۆی لە ئیتیحاد بەسەردەبات و بلوو موونیش فیرتز وەک شوێنگرەوەی ئەستێرە بەلجیکییەکە دەبینێت.

ڤایرتز و چابی ئاڵۆنسۆ

بەڵام ئەوەی بۆ مەدریدییەکان هیوا بەخشە ئەوەیە، پێشبینی دەکرێت چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری ئێستای بایەر لیڤەرکوزن ببێت بە شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی، بەمەش چابی رۆڵێکی گەورەی لە گواستنەوەی فلۆریان دەبێت و دەتوانێت یاریزانەکە ئاسانتر رازی بکات.

بەڵام گەورەترین کێشە ئەوەیە بایر لیڤەرکوزن ئامادە نییە بە کەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت، کە ئەو نرخە 20 ملیۆن لە بەهای ئێستای یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان زیاترە و بەهای ئێستای یاریزانەکە 130 ملیۆن یۆرۆیە.

بۆیە رەنگە مەدریدییەکان تاوەکو نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ لیڤەرکوزن چاوەڕوانبن، تاوەکو بتوانن بە نرخێکی کەمتر بەدەستی بهێنن، کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت.

ڤیرتز لە هاوینی 2020 بۆ یەکەمجار لە تیپی ژێر 19 ساڵانی لیڤەرکوزن بۆ تیپی یەکەمی یانەکە سەرخراوە، لەوکاتەوە 162 یاریی بۆ یانەکەی کردووە، 47 گۆڵی کردووە و 51 گۆڵیشی دروستکردووە. نازناوێکی بۆندسلیگا، جامی ئەڵمانیا و جامی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button