یاریگا –
چێزنی لە یەکەم دیمانەی دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی بارسێلۆنا دان بەوەدا دەنێت کە جگەرەکێشە و دەڵێت :’ناتوانم وازی لێ بهێنم’.
ڤۆسیچ چێزنی، گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکەی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت :’من ئەم بابەتە لە ژیانی کەسیم ناگۆڕم، پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە نییە ئەگەر من جگەرە بکێشم، جگەرەکێشان هیچ کاریگەرییەکی لەسەرم نابێت، بڕوام وایە کاریگەری نابێت، لەناو یاریگا چەند هێندە کۆشش دەکەم، بۆیە گرنگ ئەوەیە لەناو یاریگا چۆنم’.
هەروەها دەشڵێت :’من لەبەردەم منداڵان جگەرە ناکێشم بۆ ئەوەی کاریگەریی خراپیان لەسەر دروست نەکات، بەڵام هەندێکجار هەندێک کەس لە پشت درەختەکانەوە وێنەم دەگرن و من نایانبینم، ئەگینا نامەوێت کەس بمبینێت کاتێک جگەرە دەکێشم، نامەوێت ببمە نموونەیەکی خراپ، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە، جیانلویجی بوفۆن و یۆهان کرۆیفیش جگەرەکێش بوون’.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە دەشڵێت :’ئەگەر هەندێک کەس وابزانن من دەگۆڕێم و ستایلی ژیانم دەگۆڕم ئەوا هەڵەن، جگەرەکێشانەکەم پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە نییە، من بە درێژایی ژیانم وابوویمە و ئەمە پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە، گرنگ ئەوەیە وەکو گۆڵپارێزێک هەڵسەنگاندنم بۆ بکەن، پێویست ناکات خۆیان بە شتێکەوە پەیوەست بکەن کە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە’.