کوردستان

بەهادین بەکر چارەنووسی خۆی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

بە هۆی کێشەی دارایی سەید سادق، تا ئێستا چارەنووسی بەهادین بەکر لەگەڵ ئەو یانەیە نادیارە.

بەهادین بەکر هێرشبەری وەرزی رابردووی سەید سادق لە ئێستادا چارەنووسی خۆی بە تەواوی لەگەڵ یانەکە یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی سەید سادق پێناچێت هێرشبەرەکە وەرزی داهاتوو لەگەڵ تیپەکەی بەردەوام بێت، دەربارەی دۆخی ئێستای سەید سادق بەهادین تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند: 

بەداخەوە تا ئەو ساتە هیچ شتێک لە یانەکە باش نیە، بە هیوام ئاوڕێک لەو یانە پڕ هاندەرە بدرێتەوە و هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن وەرزی داهاتوو بەشداری خولەکە بکەن، تا ئێستا مووچە و شایستە داراییەکانی وەرزی رابردووی بەشێکی زۆری یاریزانەکانیش نەدراوە، دەخوازم ئەم یانە جوانە لەم دۆخە دەرباز بکرێت.

هێرشبەرەکەی سەید سادق سەبارەت بە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە و ئەو گرێبەستانەی پێشکەشی کراوە لە یانەکانی ترەوە زیاتر گوتی:

چاوەڕوانی سەید سادقم بزانین بارودۆخەکە چی بەسەر دێت، چەند یانەیەکیش پەیوەندیان پێوە کردووم بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یارییان بۆ بکەم بەڵام بەڵێم بە هیچ یانەیەک نەداوە، هەڵەبجە پەیوەندیان پێوە کردووم و دەڵێن چ وەکو یاریزان یاخود راهێنەر تۆمان قبوڵە و دەبێ بگەڕێیتەوە خزمەتی شارەکەی خۆت بکەیت، بە شانازیەوە حەزدەکەم بگەڕێمەوە بەڵام ئێستا چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی سەید سادق دەکەم و دواتر بڕیاری کۆتایی خۆم دەدەم.

سەید سادق وەرزی رابردوو توانی ریزبەندی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان بە دەستبهێنێت و بەهادین بەکریش توانی پێنج گۆڵ تۆمار بکات، بەهادین لە وەرزی 2020 _ 2021 بە گۆڵکار خولی نایابی کوردستان و باشترین یاریزانی وەرزیش دەستنیشانکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button