یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سپید 100 هەزار دۆلاریان بەخشییە منداڵێکی پۆرتوگاڵی بێ دایک و باوک، کە تاکە ئەندامی خێزانەکەیەتی لە تەقینەوەیەک رزگاری بوو بێت.
فرانچیسکۆ ئەو منداڵە پۆرتوگاڵییە بێ دایک و باوکەیە سێ مانگ لەمەوبەر بەهۆی تەقینەوەیەک دایک و باوک و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لەدەست دا، خۆیشی بۆ ماوەی دوو هەفتە چوو بووە حاڵەتی کۆما و بێهۆش ببوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو پشتیوانییەک بۆ ئەو منداڵە لە نزیکەوە چاوی پێکەوت و کۆمەکی کرد.
پێش ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیبینێت، سپید ستریمەری بەناوبانگی ئەمریکی کە یەکێکە لە هەوادارەکانی رۆناڵدۆ، پەیامێکی بۆ فرانچیسکۆ نارد و کەمپەینێکی لەپێناوی کۆکردنەوەی 100 هەزار دۆلار بۆ ئەو منداڵە راگەیاند.
سپید بە هاوبەشی لەگەڵ زاکێری دێرێنۆڤسکی یوتیوبەری بەناوبانگی ئەمریکی لە کەمپەینێکدا لەپێناوی هاوکاریکردنی منداڵە پۆرتوگاڵییەکە زیاتر لە 107 هەزار دۆلاریان کۆکردەوە.
پێش ئەوەی منداڵە پۆرتوگاڵییەکە بە دیداری کریستیانۆ شاد بێت، سپید لە پەیامێکیدا بە منداڵەکەی راگەیاندبوو :’ئەی پیاو من زۆر بۆت بەداخەوەم، فرانچیسکۆ من گوێم لە چیرۆکەکەت بووە، تۆ منداڵێکی بەهێزی، سوپڕایزێکم بۆت هەیە، بەمزووانە بە دیداری کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگەی’.