یاریگا

ئاتلێتیکۆ چاوی لە ئەستێرەیەکی مانچێستەر سیتییە

بازاڕی دیێگۆ سیمیۆنی تەواو نەبووە

Yariga App

یاریگا –

ئاتلێتیکۆ مەدرید خەریکی خوێندنەوەی جدییە، بۆ گواستنەوەی ماتیوس نونێس، یاریزانی مانچێستەر سیتی.

تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی نونێس نەگەیشتووەتە مانچێستەر سیتی، بەڵام سیتیزنز تاوەکو هەینی چاوەڕێی گەیشتنی ئۆفەرەکان دەکات.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت بە خواستن نونێس بگوازێتەوە، چونکە یاریزانە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت زیاتر بەشداریی یارییەکان بکات و بەشدارییەکانی لە مان سیتی سنووردارە.

نونێس بەشداری لە بردنەوەی یاریی پێشووی مان سیتی بەرامبەر ئیپسویچ تاون 4-1 کرد، هەروەها پێشتر بۆ یارییەکەی بەرامبەر چێڵسی بانگهێشتکرابوو، بەڵام یاریی پێنەکرا و لە جامی قەڵخان، وەک یاریزانی یەدەک بەشداری یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتدی کرد.

نونێس لە هاوینی رابردوودا بەبڕی 62 ملیۆن یۆرۆ لە وۆڵڤزەوە پەیوەندی بە مان سیتییەوە کرد، لە وەرزی رابردوودا بەشداری 16 یاری وەک یاریزانی سەرەکی کرد و لە 15 یاریش وەک یاریزانی یەدەک بەشداریکرد.

ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گواستنەوەی یاریزانان چالاکبوو، لە ماوەی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ کۆنۆر گالاگێر، خولیان ئالڤارێز، رۆبن لۆ نۆرماند و ئەلێکساندەر سۆرلۆت واژۆ کرد.

نونێس لە ساڵی 2022 لە سپۆرتینگ لیسبۆنەوە بەبڕی 42 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە وۆڵڤز کرد. لەگەڵ وۆلڤز تەنیا لە یەک وەرزدا بەشداری 41 یاری کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button